رووداو دیجیتاڵ
سەلچوک مزراکلی، هاوسەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی ئامەد ئازادکرا. مزراکلی لە زیندانی ئەدیرنە لەلایەن هاوژینەکەی و شاندێکی دەم پارتییەوە پێشوازی لێکرا و بڕیارە بگەڕێتەوە ئامەد.
ئەمرۆ سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026 سەلچوک مزراکلی لە زیندانی ئەدیرنە ئازادکرا. زەینەب مزراکلی هاوژینی و شاندێکی باڵای دەم پارتی پێکهاتوو لە سەزای تەمەللی و گولستان کلچ کۆچییت، هاوسەرۆکانی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا؛ ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی؛ ساروهان ئۆلوچ و جەنگیز چاندار، پەرلەمانتارانی دەم پارتی پێشوازییان لێکرد.
بڕیارە مزراکلی سەرەتا سەردانی ئیستەنبووڵ بکات و چاوی بە نووسەر ئیسماعیل بێشکچی بکەوێ و سەردانی گۆڕی سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری کۆچکردووی دەم پارتی بکات.
دواتر مزراکلی دەگەڕێتەوە ئامەد و لەوێش سەردانی گۆڕی دایک و باوکی و چەندین کەسایەتیی ناسراوی کورد دەکات، لەوانە مەهدی زانا، تاهیر دەمیرتاش، تاهیر ئەڵچی و مەهمەد ئوزون.
هەواڵی ئازادکردنی مزراکلی پێشتر لەلایەن سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەوە راگەیێندرا، کە ماوەی 5 ساڵی رابردووی لەگەڵ مزراکلی لە هەمان ژووری زینداندا بەسەربردووە.
دەمیرتاش لە بڵاوکراوەیەکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "پێنج ساڵی رابردوو من ئەمانەتی ئەو بووم و ئەویش ئەمانەتی من بوو. رۆژی سێشەممە لێرە دەردەچێت و ئێوارەش لە فڕۆکەخانەی دیاربەکر دەبێت. ئیتر ئەمانەتی ئێوەیە."
سەلچوک مزراکلی لە هەڵبژاردنی خۆجێیی ساڵی 2019دا وەک هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی ئامەد لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) هەڵبژێردرا.
بەڵام لە 19 ئابی2019 لە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و قەییوم لە شوێنی دانرا.
لە 21 تشرینی یەکەمی 2019 دەستبەسەرکرا و لە 9ی ئاداری 2020 بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە رێکخراوی تیرۆری چەکدار" دادگە بە 9 ساڵ و 4 مانگ و 15 رۆژ سزای زیندانی بۆ دەرکرد.




