رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بە رووداوی گوت، گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی لەگەڵ حکومەتی سووریا بۆ تێکەڵکردنی هێزەکەیان بە وەزارەتی ناوخۆ وەک یەکەیەکی ئەرکە تایبەتەکان.
رۆژی دووشەممە 07-09-2026 رووکەن جەمال بە نالین حەسەن، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکانی کۆتایی مانگی ئاب لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە دیمەشق، بەرپرسان "بەشێوەیەکی بنچینەیی" پێشنیازی یەپەژەیان پەسند کرد بۆ ئەوەی وەک هێزێکی یەکگرتووی ئەرکە تایبەتەکان بچنە نێو وەزارەتەکە، نەوەک ئەوەی شەڕڤانەکانیان بەشێوەی تاکەکەسی یان لەژێر ناوی دیکەدا تێکەڵ ببن.
شاندی یەپەژە کە پێکهاتبوو لە نەورۆز ئەحمەد، فەرماندەی گشتیی هێزەکە و رووکەن جەمال، بە بەرپرسانی حکومەتی سووریایان راگەیاندووە (لەنێویاندا وەزیری ناوخۆ)، کە هێزەکە سەرەتا هەوڵی دابوو بچێتە سەر وەزارەتی بەرگری، بەڵام پێشنیازەکەیان رەتکرایەوە. ئێستا یەپەژە تێکەڵبوون بە وەزارەتی ناوخۆ وەک جێگرەوەیەکی "گونجاو" دەبینێت.
رووکەن جەمال گوتی: "بە گونجاومان زانی بچینە سەر وەزارەتی ناوخۆ. بۆ ئێمە، لەپێشینەی کارەکانمان پاراستنی پێگەمانە وەک قەوارەیەکی رێکخراو، واتە هێشتنەوەی شەڕڤانان، دامەزراوەکان و فەرماندەکانمان وەک خۆیان. کاتێک بینیمان وەزارەتی ناوخۆ بە شێوەیەکی ئەرێنی مامەڵەی کرد بۆ تێکەڵکردنمان وەک هێزێکی ئەرکە تایبەتەکان، بە گونجاومان زانی."
دیمەشق تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر ئەم لێکتێگەیشتنە نەداوە.
ئەو گوتەبێژە ئاماژەی بەوە کرد، بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ بە شاندەکەیان گوتووە، پێش دەرکردنی بڕیاری کۆتایی، لێکۆڵینەوە لە ئەگەری رێگەدان بە یەپەژە دەکەن بۆ ئەوەی وەک یەکەیەکی ئەرکە تایبەتەکان بەشداری بکات.
ئەوەشی خستەڕوو، یەپەژە تاوەکو ئێستا رووبەڕووی هیچ کۆسپێک نەبووەتەوە سەبارەت بە پێشنیازەکە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، یەکەیەکی لەو شێوەیە دەبێتە یەکەم یەکە لە جۆری خۆی لە سووریادا؛ هەروەها گوتی، هێزە پێشنیازکراوەکە لە شارەکانی رۆژئاوای کوردستان جێگیر دەکرێت.
کۆتایی مانگی رابردوو، مەزڵووم عەبدی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـی راگەیاند، ئەوەش چەند رۆژێک دوای ئەوەی رایگەیاند کە پرۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوە سەربازی، ئەمنی و کارگێڕییەکانی رۆژئاوا بە دەوڵەتی سووریا کۆتایی هاتووە.
یەپەژە باڵی ژنانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG)ـە.
پرۆسەی تێکەڵکردنەکە ئەنجامی رێککەوتنێکی مانگی کانوونی دووەمی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریایە دوای چەند هەفتەیەک لە پێکدادان.
بە گوتەی رووکەن جەمال، کاتێک یەپەژە لە پێکدادانەکانی مانگی کانوونی دووەمدا چووە نێو هەسەدە، نزیکەی 3 هەزار و 500 شەڕڤانی هەبوو، بەڵام لەو کاتەوە ژمارەیان بۆ نزیکەی هەزار و 500 شەڕڤان دابەزیوە.
گوتەبێژەکە گوتیشی، هەندێک لە شەڕڤانان "بە ویستی خۆیان و دوای رەزامەندیی ئێمە" بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە دەوڵەت گوێزراونەتەوە، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە بڕیاریان داوە لە دامەزراوە مەدەنییەکانی رۆژئاوادا کاربکەن یان بگەڕێنەوە بۆ ژیانی مەدەنی.
یەپەژە رۆڵێکی بەرچاوی گێڕا لە شەڕی دژی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، کە لە ساڵی 2019 دوایین پێگەی خۆی لە سووریا لەدەستدا.
رووکەن جەمال ئاماژەی بەوە کرد، 979 ئەندامی یەپەژە لە سەرجەم شەڕەکاندا گیانیان لەدەستداوە؛ هەروەها رایگەیاند، شەش ئەندامی یەپەژە هێشتا لە زیندانن.


