رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بە بیانووی جیاجیا، جێبەجێکردنی ژمارەیەک یاسای گرنگیان پشتگوێ خستووە کە مافی کورد و خەڵکی هەرێمی کوردستانیان تێدا دەستەبەرە.
فارووق محەممەد لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، ئاماژەی بە یاسای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە کرد. بەگوێرەی یاساکە، ئەو زەوییانەی لە کاتی بەعسدا لە جووتیارانی کورد لە پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە و سەڵاحەدین زەوتکرابوون و درابوونە عەرەبی هاوردە، دەبێت بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان بگەڕێندرێنەوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی گوتی: "جێبەجێنەکردنی ئەم یاسایە هیچ پاساوێکی نییە و تەنیا کات بەفیڕۆدانە، چونکە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە قۆناخی یەکەمی مادەی 140ـی دەستوورە کە ئاساییکردنەوەی دۆخ و گەڕاندنەوەی مافە بۆ خاوەنەکانیان".
بە گوتەی فارووق محەممەد، بیانووی سەرەکیی حکومەت بۆ جێبەجێنەکردنی یاساکە، دەرنەکردنی رێنماییە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە. ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "هۆکاری دەرنەکردنی رێنماییەکان سیاسییە و بۆ دواخستنی بابەتەکەیە. هەندێکجار بیانووی ئەوە دەهێننەوە کە یاساکە لایەنی دارایی هەیە و پێویستی بە تەرخانکردنی بودجەیە بۆ قەرەبووکردنەوە، بەڵام لە راستیدا ئەمانە پاساوی بێ بنەمان".
جگە لەو یاسایە، فارووق محەممەد ئاماژەی بە چەندین یاسای دیکەی پەسندکراو کرد کاریان پێناکرێ، لە کاتێکدا زۆرترین سوودمەندەکانیان هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستانن.
یەکێک لەو یاسایانە، تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی "لە ئەنجامی دژایەتیکردنی رژێمی پێشوو" تووشی زیانی جەستەیی بوون. فارووق محەممەد دەڵێت: "بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییانی کورد بەهۆی دژایەتیی رژێمی پێشوو زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا لیژنە تایبەتمەندەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی یاساکە پێکنەهێنراون".
هەروەها یاسای ژمارە 6ـی ساڵی 2022 کە تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی کردە سەربازییەکان و شەڕ، ئەویش لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە. ئەم یاسایە ئەو هاووڵاتییانە دەگرێتەوە کە لە 17ـی تەممووزی 1968ـەوە تاوەکو رووخانی دەسەڵاتی بەعس لە 2003 زیانیان بەرکەوتووە.
یاسایەکی دیکە کە فارووق محەممەد باسی کرد، یاسای ژمارە 16ـی ساڵی 2010 بوو بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی موڵک و ماڵی گوازراوە و نەگوازراوەیان زیانی بەرکەوتووە. ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "زۆربەی بنەماڵەکانی هەرێمی کوردستان جارێک یان دووجار خانوویان رووخێندراوە، راگوێزراون یان باخەکانیان سووتێنراوە. هیچ شوێنێک هێندەی هەرێمی کوردستان لەم کردەوانەی رژێمی بەعس زیانمەند نەبووە، کەچی 14 ساڵە حکومەتەکان نەیانتوانیوە لیژنەکان لە هەرێمی کوردستان پێکبهێنن بۆ ئەوەی هاووڵاتییان داواکارییەکانیان پێشکێش بکەن".


