رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 570 رۆژە پەرلەمانی عێراق یاسای ژمارە 3ی تایبەت بە گەڕانەوەی زەویی جووتیارانی کورد و تورکمانی دەرکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە. جێبەجێکردنی یاساکە بە دەرکردنی رێنمایی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بەستراوەتەوە کە تاوەکو ئێستا دەرنەچوون. ئەندامێکی لیژنەی نووسینەوەی رێنماییەکان دەڵێت، رێنماییەکان لە وردبینیی ئەنجوومەنی دەوڵەتی شوورا تەواو بوون و ئێستا لە بەردەم عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقن بۆ ئەوەی نووسراوەکە واژۆ بکات و رەوانەی وەزارەتی دادی بکات، تاوەکو لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوبکرێتەوە و بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
دوای چەندین جار دواخستن بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنەکان لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی 21ی کانوونی دووەمی 2025، پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان دەنگی لەسەردرا و بووە یاسا.
رۆژی 8ی ئایاری 2025، ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رەزامەندیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق، لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتیی نوێنەری فەرمانگەی یاسایی لە ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران پێکهێنا. ئەندامانی لیژنەکە نوێنەرانی وەزارەتەکانی دارایی، داد (فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە)، کشتوکاڵ و پارێزگای کەرکووک بوون.
ئەرکی سەرەکیی لیژنەکە، وەک لە نووسراوەکەدا ئاماژەی پێ کرابوو، ئامادەکردنی رەشنووسی پڕۆژەی رێنماییەکان بوو بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2025، تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە و گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان. مادەی 4ی یاساکە ئەنجوومەنی وەزیران پابەند دەکات بە دەرکردنی رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە.
ئاری تەها، ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ و بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی لە دیوانی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ دووشەممە، 7ی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای پێکهێنانی لیژنەکە، لە ماوەی نزیکەی یەک مانگدا سێ کۆبوونەوەمان کرد و رێنماییەکانی یاساکەمان نووسینەوە و رەوانەی ئەمینداریەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانمان کرد، دواتریش رەوانەی ئەنجوومەنی دەوڵەتی شوورا کرا بۆ ئەوەی لە رووی یاسایی و زمانەوانییەوە وردبینیی تێدا بکرێت."
بە گوتەی ئاری تەها، "دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، ئەنجوومەنی دەوڵەتی شوورا کارەکانی خۆی تەواو کرد و رەوانەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردەوە. ئێستا نووسراوەکە لە بەردەم سەرۆکوەزیرانە بۆ ئەوەی واژۆی لەسەر بکات و رەوانەی وەزارەتی دادی بکات، تاوەکو لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوبکرێتەوە و بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە."
سەعدیە عەباس، نوێنەری وەزارەتی دادی عێراق لە لیژنەی نووسینەوەی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ، کە هاوکات بەڕێوەبەری تۆماری خانووەبەرەی دووبزە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ بەدواداچوونم بۆ ئەو پرسە کرد و لە ئەمیندارییەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پێیان راگەیاندم کە لە ئەنجوومەنی شورای دەوڵەت گەڕاوتەوە و بڕیارە بەم نزیکانە بخرێتە بەرنامەی کاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پەسندکردنی رێنماییەکان، دواتر رەوانەی وەزارەتی دادی عێراق دەکرێ بۆ ئەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوبکرێتەوە."
شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی ئەو بابەتە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "یاساکە دوو بڕگەیە؛ یەکەمیان هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی عەرەبە هاوردەکانە و دووەمیشیان گەڕاندنەوەی زەوییەکانە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان."
شاخەوان عەبدوڵڵا، کە نوێنەری پارێزگای کەرکووکە، ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ کەریم خەسباک، سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەتی شوورا قسەی کردووە و گوتی: "پێی راگەیاندم کە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق، یاساکە یەکسەر دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی داوا لە وەزیرە کوردەکان لە بەغدا دەکات کاری لەپێشینەیان جێبەجێکردنی ئەو یاسایە بێت و دەڵێ: "ئێستا گوشار لەسەر جووتیارانی کورد کەم بووەتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەی سەرگەڕان، چونکە عەرەبە هاوردەکان دەزانن بابەتەکە بووەتە یاسا و هەرچەندە هەوڵ بدەن، زەوییەکان بۆیان ناگەڕێنەوە. ئێستا ئەوان زیاتر بیریان لای قەرەبووکردنەوەیە نەوەک داگیرکردنی زەوییەکان."
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رۆژی دووشەممە بە نیگەرانییەوە لەبارەی دەرنەکردنی رێنماییەکان بۆ جێبەجێکردنی یاساکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هۆکاری سیاسی لەپشتە، بۆیە بەم شێوەیە دواکەوتووە."
عەبدوڵڵا میروەیس داوا لە لایەنە کوردستانییەکان دەکات گوشار بکەن بۆ ئەوەی رێنماییەکان دەربکرێن و یاساکە بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
بە گوتەی عەبدوڵڵا میروەیس، ئەو زەوییانەی بەهۆی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوەوە کێشەیان بۆ دروست بووە، نزیکەی 300 هەزار دۆنمن و ئەوانەشی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کاروباری باکوور دەیانگرێتەوە، لەنێوان 800 بۆ 900 هەزار دۆنم زەوین لە سنووری پارێزگای کەرکووک؛ هەروەها گوتی: "تەنیا لە ناوچەی گورزەیی، نزیکەی 1,300 دۆنم زەویی کورد بەناوی عەرەبێکەوە کراوە کە خەڵکی پارێزگای نەینەوایە و لە کەرکووک قەرەبوو کراوەتەوە."
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پێیوابوو کە کێشەی سەرەکیی زەوییەکان دەکەوێتە هەردوو داقووق و دووبز.
محەممەدئەمین، یەکێک لە نوێنەرانی جووتیارانی کەرکووک، رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هۆکاری سیاسی لەپشت دواکەوتنی دەرچوونی رێنماییەکانی یاساکەیە." بە گوتەی ئەو جووتیارە، "بە جێبەجێکردنی یاساکە، نزیکەی 800 هەزار دۆنم زەوی دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان."
نوێنەرەکەی جووتیارانی کەرکووک باسی لەوەش کرد کە لە ساڵی 2012ـدا بڕیاری ژمارە 29 لەبارەی زەویی 49 گوندی جووتیارانی شوان و قەرەهەنجیر دەرکراوە و ئەم ساڵ رێکارەکانی جێبەجێکردنی دەستیپێکردووە. بە گوتەی محەممەدئەمین، لە یاساکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ژمارەیەک زەوی دراونەتە وەزارەتەکانی بەرگری، دارایی، نەوت، یان بۆ بەرژەوەندیی گشتی دیاری کراون و ناگەڕێنرێنەوە، بەڵام رووبەرەکەیان زۆر نییە و ئامارێکی ورد لەبەردەستدا نییە.
هەر لەوبارەیەوە، ساتع کەرکووکی، یەکێک لە نوێنەرانی جووتیارانی کەرکووک، رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە رێگەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشەوە نزیکەی 300 هەزار دۆنم زەوی دەگەڕێنەوە؛ هەروەها گوتی، هەندێک زەوی ناگەڕێنەوە، چونکە بوونەتە موڵکی دەوڵەت و هەندێکیشیان پڕۆژەی کۆمپانیای گازی باکوور، فڕۆکەخانەی کەرکووک، یان یەکە و گەڕەکی نیشتەجێبوونیان لەسەر دروست کراوە.
ئەو بڕیارانەی هەڵوەشاونەتەوە، لەنێوان ساڵانی 1975 بۆ 1984 دەرکراون. ئەو عەرەبە هاوردانەی زەوییەکانیان لێوەردەگیرێتەوە و دەدرێتەوە بە خاوەنە رەسەنەکانیان کە کورد و تورکمانن، لە بەرامبەردا لە شوێنی دیکە زەوییان پێدەدرێت و ئەو خەرجییانەش کە لەسەر زەوییەکان کردوویانە، بە پارە بۆیان قەرەبوو دەکرێتەوە.


