رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی ئێزدی دژی هەر هەوڵێکی حکومەتی عێراق بۆ سپاردنی پۆستی قایمقامی شنگال بە فەرماندەی سەربازی دەوەستێتەوە. سەرۆکی هاوپەیمانیی (دۆسیەی ئێزدییەکان) دەڵێت: "گەورەترین خۆپێشاندانی جەماوەری ئەنجام دەدەین." جێگری پارێزگاری نەینەواش دەڵێ: "پێشنیازی دانانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەنەوامان وەک قایمقام رەتکردەوە".
موراد ئیسماعیل، سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی (دۆسیەی ئێزدی) لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی شەممە، 5ـی ئەیلوولی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "هەر بڕیارێک پەیوەندی بە داهاتووی شنگالەوە هەبێت، دەبێت لەرێگەی دانیشتووانی قەزاکە خۆیانەوە بێت".
موراد ئیسماعیل رایگەیاند: "هەوڵێکی نهێنی بۆ تێپەڕاندنی رێککەوتنێکی نوێ لە رێگەی راوێژکار و لایەنە سەربازییەکانەوە هەیە، کە ئامانج لێی پەراوێزخستنی پێکهاتەی ئێزدی و سڕینەوەی شایستەکانیانە."
موراد ئیسماعیل هۆشداری دایە حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی و رایگەیاند: "ئەگەر حکومەت کار بکات بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و پشتگوێخستنی ئێزدییەکان، ئەوا ئێمە دەست بە جووڵەی جەماوەری دەکەین و گەورەترین خۆپێشاندان لە مێژووی شنگالدا رێکدەخەین بۆ رەتکردنەوەی سیاسەتی خۆسەپاندن و پەراوێزخستن."
هاوکات غەزوان داودی، جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا، رۆژی شەممە (5ـی ئەیلوولی 2026) بە رووداوی راگەیاند: "رۆژی سێشەممەی رابردوو، شاندێکی باڵا پێکهاتبوون لە هەریەک لە عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران؛ قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و باسم بەدری، سەرۆکی دەزگەی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرسی شنگال".
غەزوان داودی گوتی: "عەبدولئەمیر شەمەری پێشنیازی ئەوەی کرد تاوەکو کاتی دیاریکردنی قایمقامێک بۆ قەزای شنگال، بۆ 3 مانگ عەلی فازڵ عومران، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا دابنرێ، بەڵام من وەک نوێنەری پارێزگار و بەپێی یاسا پێشنیازەکەمان رەتکردەوە".
هاوکات ماجید شنگالی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق رایگەیاند، راسپاردنی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا وەک قایمقامی شنگال "دەسەڵاتی سەربازی لە قەزاکەدا دەچەسپێنێت، ئەمەش پێشێلکردنی روونی دەستوور و ئەو یاسایانەیە کە کاروباری دەسەڵاتە خۆجێییەکان رێکدەخەن."
ماجید شنگالی گوتی:" شنگال و دانیشتووانەکەی زۆر چەوساونەتەوە و ئێستا پێویستییان بەوەیە قەزاکەیان لە هەموو جۆرە دیمەنێکی چەکداری و سەربازی دوور بخرێتەوە"
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ: "شایستەی ئێستای شنگال، بەڕێوەبردنێکی مەدەنیی نیشتمانییە کە جێگەی متمانەی هەموو پێکهاتەکان بێت و ویستی راستەقینەی بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی هەبێت."
ماجید شنگالی و موراد ئیسماعیل دەڵێن: "کلیلی چارەسەری کێشەکانی شنگال رێزگرتنە لە ویستی خەڵکەکەی و جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال".
بە گوتەی ئەوان، ئەو رێککەوتنامەیە باشترین رێگەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، بەهێزکردنی پێکەوەژیان و دروستکردنی دەسەڵاتێکی مەدەنیی سەقامگیر کە وەڵامدەرەوەی داواکارییەکانی هاووڵاتییان بێت".
قەزای شنگال دەکەوێتە سنووری پارێزگای نەینەوا و یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2020 رێککەوتنێکیان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە واژۆ کرد، کە تێیدا بڕیاردرا هێزە نایاساییەکان لە شارەکە بچنە دەرەوە و دەسەڵاتێکی کارگێڕێ نوێ پێکبهێنرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا زۆربەی خاڵەکانی جێبەجێ نەکراون.


.jpg&w=3840&q=75)
