رووداو دیجیتاڵ
برای ئەو تۆمەتبارەی لە پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان ئەشکەنجەی کچێکی دابوو و دەستدرێژیی کردبووە سەر دەڵێت، براکەی لە سنووری بانە دەستگیرکراوە.
ئەمڕۆ شەممە 05-09-2026، ئەنوەر تاهیری، برای ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە ئەشکەنجەدان، برسیکردن و دەستدرێژیکردنە سەر نیلوفەر عەتای تەمەن 28 ساڵ لە پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، براکەی لە سنووری بانە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.
تۆمەتبارەکە ناوی عیزەدین تاهیرە و بەهۆی تووندوتیژییەکانییەوە، کچەکە گیانی لەدەستداوە. براکەی گوتی: ''براکەم پێشینەی تاوان و نەخۆشیی دەروونی هەیە و ئەم بەیانییە هەواڵی دەستگیرکردنیمان پێگەیشتووە.''
بەگوتەی ئەنوەر تاهیری، عیزەدین دوو بۆ سێ ساڵ لە سلێمانی لە زیندان بووە، دوای ئازادبوونی چووەتە داخوازیی نیلوفەر، ''بەڵام دواتر کچەکەی هەڵگرتووە و پێکەوە لە کارگەیەک لە پیرانشار دەستیان بە کار کردووە.''
وەک برای تۆمەتبارەکە سەبارەت بە هۆکاری گیانلەدەستدانی نیلوفەر عەتا دەڵێ: ''دەمەقاڵێیان لێ پەیدا بووە، ئەو کچەش پێشتر نەخۆشی (فێگرتنی) هەبوو و لە هۆش خۆی دەچوو. کاتێک دەبینێت لەهۆش خۆی چووە، دەیباتە نەخۆشخانە و لەوێ جێی دەهێڵێت و دەڕوات".
چیرۆکەکە کەمتر مانگێک پێش ئێستا دەستیپێکرد، کاتێک نیلوفەر و دایکی بۆ کارکردن و لێکردنەوەی هەڵووژە و سێو، دەچنە باخێک لە نزیک تەورێز. لەوێ ئەو پیاوە بەناوی عیزەدین تاهیر تەمەن 41 ساڵ دەناسن. کەسوکاری کچەکە دەڵێن، دوای گەڕانەوەیان بۆ پیرانشار، ئەو پیاوە شەوێک بە زۆر و هەڕەشە نیلوفەر دەڕفێنێت.
مەزهەر عەتا، برای نیلوفەر، بە رووداوی راگەیاند: "ئەو کەسە، خوشکەکەمی بە هەڕەشە لەگەڵ خۆی بردووە و پێی گوتبوو، ئەگەر نەیەیت، باوک و براکەت دەکوژم. رۆژی دواتر پەیوەندی بە دایکمەوە کرد و گوتی لە مەهابادین و دەیخوازم. کاتێک قسەمان لەگەڵ خوشکەکەم دەکرد، دەیگوت باشم، بەڵام دواتر دەرکەوت کە دەست و قاچی بەستراوەتەوە و بە زۆر پێی گوتراوە وا بڵێت."
.jpg&w=3840&q=75)


