رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانی جەستەی ژنێکی تەمەن 40 ساڵی دانیشتووی کرماشان، بەخشرانە چوار نەخۆش، کە پێویستیان بە چاندنی جگەر و گورچیلە بووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی ئەیلوولی 2026 حەسەن مورادی، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی بەخشینی ئەندامانی جەستە لە کرماشان رایگەیاند، "فەریدە رەفیعی، تەمەن 40 ساڵ، کە تووشی مردنی مێشک ببوو، بە رەزامەندیی بنەماڵەکەی بەخشراونەتە ئەو نەخۆشانەی پێویستیان پێی بووە."
بە گوتەی حەسەن مورادی، هەردوو گورچیلە، جگەر و پەنکریاسی فەریدە رەفیعی دراونەتە سێ نەخۆش کە ماوەیەکی زۆر بوو لە نۆرەی چاندنی ئەندامانی جەستەیاندا بوون.
حەسەن مورادی ئاماژەی بەوەش کرد، بەشەکانی دیکەی جەستەی وەک پێستی ئەو نەخۆشە بۆ چارەسەری چەندین نەخۆش بەکاردێت.
ئەوە چوارەمین کەسە کە ئەم ساڵ لەو پارێزگایەدا ئەندامانی جەستەی دەبەخشێت.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی تەندروستی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستا نزیکەی 25 هەزار نەخۆش لە لیستی چاوەڕوانیدان بۆ وەرگرتنی ئەندامی جەستە، لە کاتێکدا ساڵانە تەنیا نزیکەی 800 کەس ئەندامەکانی جەستەیان دەبەخشن.
ئەو کەسانەی مێشکیان لەکار دەکەوێت، دەکرێ بەشێک لە ئەندامانی جەستەیان وەک (دڵ، جگەر، گورچیلە، پەنکریاس و سییەکان) ببەخشرێتە ئەو کەسانەی پێویستیانە.




