رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە، نوێنەرانی کوردی ئێزدی لەگەڵ پارێزگاری نەینەوا، نوێنەری رێکخراوی یوئێن دی پی و بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی نەینەوا، لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان کۆدەبنەوە.
ئێریڤان مەهدی حاجی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە پێکهاتەی ئێزدی لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەکە لە شاری موسڵ بەڕێوەدەچێت و نوێنەرانی ئێزدی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و پەرلەمانی عێراق بەشداری دەکەن بۆ تاوتوێکردنی ئەو بڕە پارە و هاوکارییەی کە رێکخراوی یوئێن دیپی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان تەرخانی دەکات.
خالید سیدۆ، نوێنەری کۆتای ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە حکومەتی عێراق نیوەی پارەی ئاوەدانکردنەوەی شنگال لە ئەستۆ بگرێ و نیوەکەی دیکەی لەلایەن رێکخراوی یوئێن دی پییەوە لە رێگەی وڵاتانی کۆمەکبەخشەوە، وەک ئەمریکا و ئەڵمانیا، دابین بکرێ.
لەبارەی بڕی پارەی تەرخانکراو لەلایەن حکومەتی عێراق و رێکخراوی یوئێن دی پی، هەریەکە لە ئێریڤان مەهدی حاجی و خالید سیدۆ، گوتیان: "تاوەکو ئێستا ئەو بڕە پارەیە دیاری نەکراوە و نازانرێ، بڕیارە ئەمڕۆ تاوتوی بکرێ."


.webp&w=3840&q=75)
