رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە، کاروانێکی گەورەی هێزەکانی ئاسایشی گشتیی حکومەتی سووریا گەیشتنە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و لە رۆژهەڵاتی شارەکە جێگیر بوون. هاوکات نووسینگەی جێبەجێکاریی پارێزگاکە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، هێزەکەی حکومەتی سووریا کە لە 35 ئۆتۆمبێلی سەربازی پێکهاتبوون، لە فەوجی تەلائیع لە رۆژهەڵاتی حەسەکە جێگیر بوون.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، هێزەکانی ئاسایشی گشتی لە شوێنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) جێگیر بوون. گەیشتنی ئەم هێزانە دوای راگەیاندنی هەڵوەشانەوەی هەسەدە دێت، کە بەمەش ئامادەیی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی سووریا لە پارێزگای حەسەکە فراوانتر دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، نووسینگەی جێبەجێکاریی پارێزگای حەسەکە بە سەرۆکایەتیی نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی پارێزگای حەسەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان لەنێوان ئەندامانی نووسینگەکە کرا و بوار و پسپۆڕیی کاری هەر ئەندامێک دیاری کرا. ئامانج لەم هەنگاوە رێکخستنی زیاتری کاری کارگێڕی و بەهێزکردنی هاوئاهەنگییە لەنێوان بەشە جیاوازەکاندا.
