رووداو دیجیتاڵ
دژی نەبوونی کارەبای نیشتمانی و کارپێنەکردنی مۆلیدە ئەهلییەکان، ناڕەزایی
هاووڵاتییان لە کەرکووک پەرەی سەندووە و هەر جارە و دانیشتووانی گەڕەکێک یان
گوندێکی پارێزگاکە خۆپێشاندان دەکەن.
دانیشتووانی گوندی تۆپزاوا لە کەرکووک بەدەست نەبوونی کارەبای نیشتمانی و
کارپێنەکردنی مۆلیدەکانەوە دەناڵێنن و چەند رۆژێکە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.
ئاراس مەحممەد، دانیشتووی گوندی تۆپزاوا لەبارەی دۆخی کارەباوە بە رووداوی
راگەیاند: "کارەبای نیشتمانی پێنج خولەک هەیە و پێنج خولەک نییە، کارەبای
مۆلیدەشمان هەر نییە. ئەم مانگە 11 هەزار دینار بۆ مۆلیدە هاتووهتەوە؛ ئەگەر
مۆلیدە کار نەکات ئەوا پارەیە زۆرە. سێ شەوە خەڵک لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە و
بەیانیانیش دەچن بۆ کرێکاری."
هاوکات ئەحمەد عەباس، دانیشتوویەکی دیکەی گوندەکەیە و بە رووداوی گوت:
"نە کارەبا هەیە نە ئاو، لەبەر بێکارەبایی هیچ ئامێرێکمان کار ناکات و دوێنێ
شەو لەبەر بێکارەبایی و گەرما نەخەوتووم."
نرخی یەک ئامپێری کارەبای مۆلیدە لە کەرکووک 13 هەزار دینارە، بەڵام خاوەن
مۆلیدەکانیش گلەیییان لە کەمیی بەشەگازوایل حکومی هەیە.
ئەدهەم ئەحمەد، خاوەن مۆلیدەیەک لەبارەی کێشەکانیانەوە بە رووداوی
راگەیاند: "حەویجە 20 خولەک لێرەوە دوورە و یەک ئامپێر بە 18 هەزار دینارە.
من یەک بەرمیل گازوایلم بە 300 هەزار دینار کڕیوە، 13 هەزار دینار بۆ ئامپێرێک هیچ
نییە. رۆژانە لانی کەم 16 کاتژمێر کارەبا دەدەم و حکومەت نیوەی ئەوەشی پێ
ناکرێت."
نەبوونی گازوایل بووەتە کێشەی سەرەکیی مۆلیدە ئەهلییەکان و بەرپرسانی
ناوچەکەش ئاماژە بە بەربڵاویی کێشەکە دەکەن.
ئاڤێستا مەحممەد، قایمەقامی قەزای ناوەندیی کەرکووک لەبارەی گرفتەکەوە بە
رووداوی گوت: "ئەو گازوایلەی بە مۆلیدەکان دەدرێت بەشی مانگەکەیان ناکات و
دەبێت خۆیان لە بازاڕی رەش بیکڕن. زۆرێک لە خاوەن مۆلیدەکان ئەو کێشەیەیان هەیە و
داوایان کردووە چارەسەرێکی ریشەیییان بۆ بدۆزرێتەوە."
نرخی یەک بەرمیل گازوایل لە بازاڕی رەشدا گەیشتووەتە 300 هەزار دینار و بە
زەحمەتیش دەستدەکەوێت؛ بەپێی وتەی خاوەن مۆلیدەکان، ئەو بەشەگازوایل مانگانە
حکومەت بە نرخی پاڵپشتیکراو پێیان دەدات، تەنیا بەشی یەک هەفتەی کارکردنیان دەکات.

