رووداو دیجیتاڵ
وێڕای وەستانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران (جگە لە 24 کاژێری رابردوو)، لەم مانگەدا هەرێمی کوردستان بە 22 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر. جگە لە زیانە مادی و ژینگەییەکان، بەهۆی ئەو هێرشانەوە دوو کەس بریندار بوون.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا بە 983 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 156 کەسیش بریندار بوون.
بەگوێرەی ئاماری بۆردوومانەکان، ئەم مانگە بەراورد بە مانگی حەوت هێرشەکان بۆ نیوە کەمیان کردووە، بەڵام بەراورد بە مانگی شەش چوار هێرش زیادیان کردووە.
نوێترین هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان:
- شەوی 26ی تەمموز: درۆنێک لە ناوچەیەکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە.
- بەرەبەیانی 17ی ئاب: بە دوو درۆن نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمام لە سنووری پارێزگای هەولێر کرانە ئامانج. دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، هێرشەکان زیانی گیانییان نەبووە.
- 14ی ئاب (کاژێر 02:17ی بەرەبەیان): بە سێ درۆن هێرش کرایە سەر هەولێر. دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، درۆنەکان تێکشکێندراون.
12ی ئاب: بە چوار درۆن هێرش کرایە سەر سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر. هێرشەکان زیانی مادییان لێکەوتەوە.
11ی ئاب: کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند، بە سێ مووشەک لە دۆڵی ئالانە لە پارێزگای هەولێر هێرشیان کراوەتەسەر و دوو برینداریان هەبووە.
8ی ئاب: بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر بانەگەورە لە نزیک زڕگوێز لە سلێمانی.
8ی ئاب: بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی سوورداش لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
2ی ئاب: درۆنێک لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندرا.
2ی ئاب: بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر نزیک تاسڵووجە لە سنووری سلێمانی.
1ی ئاب: کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایگەیاند، بە دوو درۆن هێرش کراوەتە سەر نزیک ئەشکەوتی جاسەنە لە سلێمانی.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە مانگی حەوتدا بە 88 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان؛ 66 درۆن و دوو مووشەکیان لە پارێزگای هەولێر بوون، پارێزگای سلێمانی بە 10 مووشەک و نۆ درۆن هێرشی کراوەتە سەر و پارچەی مووشەکێکیش لە هەڵەبجە کەوتە خوارەوە. لە ئەنجامی هێرشەکانی مانگی حەوتدا 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و 15 کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەر بەگوێرەی ئامارەکان، لە مانگی شەشدا 16 هێرشی درۆنی و مووشەکی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان؛ 12یان لە سنووری هەولێر، لە سنووری پارێزگای سلێمانی دوو هێرش و دووەکەی دیکەشی لە سنووری قەزای ئاکرێ بوون لە پارێزگای دهۆک.
لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ 17ی ئابی 2026، هەرێمی کوردستان بە 983 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر.
ژمارەی هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان:
پارێزگای هەولێر: 677 هێرش
پارێزگای سلێمانی: 272 هێرش
پارێزگای دهۆک: 31 هێرش
پارێزگای هەڵەبجە: 3 هێرش
زیانی گیانیی هێرشەکان:
لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا حەوت پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر، کارمەندێکی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ژن و مێردێک، 19 پێشمەرگەی پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان و کوڕی پێشمەرگەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان. دوو کەسەکەی دیکەش سەربازێکی فەرەنسی و سەربازێکی ئەمریکی بوون کە لە هەولێر گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە: 29 پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان، دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ی پێشمەرگە، سێ کەس لە بۆردوومانەکەی تاسڵووجە لە سلێمانی و پۆلیسێک.
هەر لەنێو بریندارەکاندا 18 هاووڵاتیی سڤیل هەن، بریندارەکانی دیکەش پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.



