رووداو دیجیتاڵ
کورد لە نۆ ساڵی رابردوودا لە خانەقین و دیالە شەش پۆستی باڵا و نۆ بەڕێوەبەری فەرمانگەی لەدەستداوە؛ ژمارەی ئەندامانیشی لە ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ سێیەکی ژمارەی پێشوو کەم بووەتەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2016ـەوە، کورد چەند پۆستێکی باڵای لەدەستداوە.
پۆستە باڵاکان بریتی بوون لە بەڕێوەبەری ناحیەکانى گوڵاڵە، قەرەتەپە، مەندەلی، جەبارە، بەرپرسی نووسینگەی خانەقینى مادەی 140 و یاریدەدەری پارێزگاری دیالە.
ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی 15ی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جگە لەو پۆستە باڵایانە، تەنیا لەنێو خانەقین لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە نۆ بەڕێوەبەری فەرمانگە کە کورد بوون پۆستەکانیان لەدەستداوە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پارتی، چارەسەری ئەو کێشەیە دەبێت لەسەر بنەمای گەڕانەوەی هاوبەشی بۆ کورد بێت لە عێراق، کە پێشتر هەبووە.
نوێنەرایەتیی کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە نۆ ساڵی رابردوودا بۆ سێیەکی ژمارەی پێشوو کەمی کردووە و لە سێ ئەندامەوە بووەتە یەک ئەندام.
لەنێوان 2013 بۆ 2019، کورد سێ ئەندامی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە هەبوو کە ئەو کات 29 ئەندام بوو.
لە هەڵبژاردنی 2023ی ئەنجوومەنی پارێزگا لە دیالە، کە ژمارەی ئەندامانی بۆ 15 کەمبووەوە، لایەنە کوردستانییەکان تەنیا یەک ئەندامیان بەدەستهێنا، کە ئەویش لە نەتەوەی عەرەبە.
زیاد ئەحمەد، ئەندامی کوردی پێشووتری ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی پۆستی کورد لە سنووری ئەو پارێزگایە، کەمبوونەوەی ژمارەی ئەندامەکانییەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا، لەگەڵ بەدەنگەوە نەچوون و گوشارنەکردن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانەی کە پشکی خۆی بوون.



