رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی دابەشکردنی مووچە بە کاش، ژمارەیەکی زۆر لە مووچەخۆران و خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان هێشتا کارتی بانکیی "هەژماری من"ـیان بەدەست نەگەیشتووە، ئەمەش نیگەرانیی لای ئەو کەسانە دروستکردووە کە ترسیان لە دواکەوتن یان لەدەستدانی مووچەکانیان هەیە.
ژمارەیەک لەو هاونیشتمانییانەی کە چاوەڕێی وەرگرتنی کارتی "هەژماری من"ن، باس لەوە دەکەن کە ماوەیەکی زۆرە فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکیان پێنەگەیشتووە.
سەبریە عەلی، خانمێکی خانەنشینە و دەڵێت: "وەڵا فۆڕمم پڕکردووەتەوە ئەوکاتە بەفر دەباری، تاوەکو ئێستا نامەم بۆ نەهاتووە."
هاونیشتمانییەکی دیکەی خانەنشین بەناوی عەلی حەسەن، گلەیی لە زۆریی هاتووچۆ و ماندووبوونی دەکات و دەڵێت: "ساڵێک و دوو مانگە فۆڕمم پڕکردووەتەوە، هەرچی بانکە گەڕاوم، هەر دەڵێن جارێ تەواو نەبووە. ئەوەندە هاتووچۆم کرد، ئاوی پێم داهات."
بەپێی ئامارەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار کەس بوونەتە خاوەنی کارتی "هەژماری من"، بەڵام هێشتا نزیکەی 90 هەزار کەس ماون، کە 70 هەزاریان لە سنووری پارێزگای سلێمانین. لەو ژمارەیەش، 30 هەزار کارتیان ئامادەکراوە و بڕیارە تاوەکو رۆژی دووشەممە دابەش بکرێن.
لە کاتێکدا هەندێک لە هاونیشتمانییان بە ئاسانی کارتەکانیان وەردەگرن، وەک ئیبراهیم محەممەد کە دەڵێت: "پێشتر فۆڕمەکەم پڕکردبووەوە، ئەمڕۆ هاتم وەرمگرتەوە و بۆیان کارا کردم،" بەشێکی دیکە رووبەڕووی گرفتی چاوەڕوانیی درێژخایەن بوونەتەوە.
شەمسە رۆستەم، یەکێکە لە کەسوکاری ئەنفالکراوان و دەڵێت: "لە کاژێر 9:00ـی بەیانییەوە هاتووین، هەر چاوەڕێین و بانگیان نەکردووین."
هاوکات، بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگەش کە لە کەرکووکەوە هاتوون، باس لەوە دەکەن کە لە ناوچەکانی ئەوان بنکەی تۆمارکردن نییە و ناچارن بۆ ئەو مەبەستە سەردانی شارەکانی هەرێمی کوردستان بکەن. شەوقی شەریف، یەکێک لەو پێشمەرگانە، دەڵێت: "ئێمە هێزەکانی حەفتاین و لە کەرکووکەوە هاتووین. ئەمڕۆ بەرمان نەکەوت و پێیان گوتین سێشەممە و چوارشەممە وەربنەوە."
بەپێی زانیارییەکان، تاوەکو ئێستا 5 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان خۆیان بۆ پرۆژەی "هەژماری من" تۆمار نەکردووە، کە 4 هەزاریان لە سنووری پارێزگای سلێمانین.
عیسا ئەسعەد، سەرپەرشتیاری پرۆژەی "هەژماری من"، بە رووداوی راگەیاند: "لە دوای 31ی مانگەوە، پرۆسەی دابەشکردنی مووچە بەتەواوی دەبێتە ئەلیکترۆنی. ئەمە بەو واتایەیە کە هەرکەسێک فۆڕم و کارتی نەبێت، رێگەیەکی دیکەی بۆ وەرگرتنی مووچەکەی نابێت."
تاوەکو ئێستا روون نییە چارەنووسی ئەو هەزاران کەسە چی دەبێت کە تاوەکو دوای وادەی دیاریکراو، نە فۆڕمیان پڕکردووەتەوە و نە کارتی "هەژماری من"ـیان بەدەست گەیشتووە.


