رووداو دیجیتاڵ
16ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی، کارەبا و وزە لە هەولێر کۆتاییهات، کە تێیدا 450 کۆمپانیا لە 20 وڵاتی جیاوازەوە بەشداربوون و سەرەڕای ناجێگیریی ئابووری و ئەمنیی ناوچەکە، زیاتر لە 600 گرێبەست و 350 یاداشتی لێکتێگەیشتنی تێدا واژۆ کرا.
پێشانگەکە کە ماوەی چوار رۆژی خایاند، کۆمپانیاکانی بوارە جیاوازەکانی بیناسازی، کارەبا و وزەی کۆکردەوە و نزیکەی 20 هەزار کەس سەردانیان کرد.
پشتیوان جەلال، بەڕێوەبەری فرۆش و بەرهەمهێنان لە کۆمپانیایەکی ساندویچ پانێڵ کە لە کەلار بەرهەمەکانیان دروست دەکەن و یەکەمجاریان بوو بەشداری بکەن، بە رووداوی گوت: "بەڕاستی پێشانگەیەکی سەرکەوتوو بوو، خەڵکێکی زۆر سەردانی کردووین. هەموو کۆمپانیاکان، چ چینی، چ ئێرانی، یان ئەوانەی کارەکانیان لە ئێمە نزیکە، سەردانیان کردووین."
یەکێک لەو بوارانەی ئەمساڵ زیاتر سەرنجی بەشداربووان و سەردانیکەرانی راکێشا، کۆمپانیاکانی بواری وزەی خۆر بوون.
موشتاق قادر، بەڕێوەبەری کارگێڕیی یەکێک لە کۆمپانیاکان، ئاماژەی بەوە کرد کە 982 کۆمپانیا و کەسایەتی سەردانیان کردوون و گوتی: "65٪ـی سەردانیکاران خەڵکی خوارووی عێراق بوون و 15٪ـیشیان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە هاتبوون."
عومەر عەلی، بەڕێوەبەری فرۆشی کۆمپانیایەکی دیکەیە، دەڵێت: "کوردانی رۆژهەڵات زۆر هاتوون، ئەوە بۆ ئێمە زۆر باش بوو. لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش پێشوازییەکی زۆر باش هەبوو و حەوت گرێبەستی باشمان کردووە."
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئامادەیی دەستەکەی بۆ پێشکێشکردنی هەموو کارئاسانییەک بۆ ئەو کۆمپانیایانە دەربڕی کە دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.
کاریگەریی پێشانگەکە لەسەر کۆمپانیا بیانییەکانیش دیاربوو. کێری جەیت، بەڕێوەبەری کاروباری دەرەوەی یەکێک لە کۆمپانیا بەشداربووەکان، گوتی: "ئەم پێشانگەیە زۆر سەرنجڕاکێش بوو و خەڵکی زۆر سەردانی کردووین. گفتوگۆی باشمان لەگەڵ کردوون و رەنگە لە چەند هەفتەی داهاتوودا پەیوەندییان پێوە بکەین."
16ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی، کارەبا و وزە لە رۆژانی 27 تاوەکو 30ـی مانگ لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەڕێوەچوو.

