رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رۆژی 1ـی ئەیلوولی وەک کاتی دەستبەکاربوونەوەی مامۆستایان بۆ ساڵی نوێی خوێندن دیاریکرد. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، دیاریکردنی یەکەم رۆژی خوێندنی قوتابیان پێویستی بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت هەیە.
بەپێی فەرمانێکی وەزاری کە واژۆی د. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی لەسەرە و رۆژی یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026 بڵاوکراوەتەوە، بڕیاردراوە رۆژی سێشەممە 1-9-2026، رۆژی دەستبەکاربوونەوەی مامۆستایان بێت لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی سەر بە وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027.
پەیمان خەواجە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی 1ـی 9 پێویستە مامۆستایان دەستبەکار ببنەوە؛ ئەمە رێکارێکی ساڵانەیە بۆ ئەوەی رێژەی میلاکی وەزارەت دیار بێت و بزانرێت ئامادەکارییەکان تەواوە یان نا."
سەبارەت بە دەستپێکی خوێندنی قوتابیان و یەکەم رۆژی ساڵی نوێ، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە دەڵێ: "بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی ساڵی خوێندنی نوێ، دەبێت ئەنجوومەنی وەزارەت کۆببێتەوە و گفتوگۆ لەسەر ساڵنامەی نوێ بکەن، پاشان رۆژێک دیاری دەکرێت و رادەگەیێندرێت."
بە گوتەی پەیمان خواجە، بە شێوەیەکی ئاسایی دیاریکردنی رۆژی دەستپێکی خوێندن دەکەوێتە دوای تەواوبوونی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام نەدراوە.




