رووداو دیجیتاڵ
کلیمێنس زێمتنەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، ستایشی رۆڵی نێودەوڵەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکەدا دەکات و پێیوایە "بەهۆی ئەوەی هەموو لایەنەکان باش دەناسێت، دەتوانێت رۆڵێکی زۆر گرنگ" لە بەرقەرارکردنی ئاشتیدا ببینێت. هەروەها داوا لە پارتی و یەکێتی دەکات، "بوێرانە هەنگاو بەرەو رێککەوتن بنێن.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کلیمێنس زێمتنەر لە پەراوێزی کۆڕبەندێکی مێری-دا لە هەولێر بە پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداوی رایگەیاند: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی زۆر باشم هەبوو لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و نوێنەرانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان."
باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق گوتی: "من دەستخۆشیم لە نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ ئەو رۆڵە زۆر بونیاتنەرەی هەیبووە. دەزانم رۆڵێکی سەرەکیی هەبوو لە هێورکردنەوەی هەندێک لەو گرژییانەی هەبوون. دەبینم بەهۆی ئەوەی هەموو لایەنەکان زۆر باش دەناسێت، دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ ببینێت لە بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا."
لەو کۆبوونەوەیەدا، وەک راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێ دەکات، شتیفان ڤێنت، بەرپرسی نوێی نووسینگەی یەکێتیی ئەورووپاش لە هەولێر ئاماده بوو.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: نێچیرڤان بارزانی "سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ رۆڵ و پشتیوانیی بەردەوامی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردهوه، ههروهها وێڕای پشتگیری، پیرۆزباییی دهستبهکاربوونی له بهڕێز ڤێنت کرد و هیوای سهرکهوتنی بۆ خواست."
لە دیدارەکەدا، "زێمتنەر جهختی کردهوه که یهکێتیی ئهورووپا پابهندی پشتگیری و هاوکاریکردنی عێراق و ههرێمی کوردستانه، ههروهها خوازیاری برهودانی زیاتره به پهیوهندییهکان و له ههموو بوارهکاندا بهردهوام دهبێت له یارمهتیدانیان."
سەبارەت بە هەوڵەکانی پارتی و یەکێتی بۆ کۆبوونەوە و رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەت، زێمتنەر لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری رووداودا لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەی مێری، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان وەک لایەنی دەرەکی ناتوانن دەستوەردانی راستەوخۆ بکەن، بەڵام دەتوانن هاندەر بن.
باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا گوتی: "راستییەکەی، پێموانییە ئێمەی لایەنی دەرەکی بتوانین جگە لە هاندانیان [بۆ رێککەوتن] شتێکی دیکە بکەین."
نوێنەرەکەی یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی بەوە کرد، کێشە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان "هەموویان دیارن، تەنیا پێویست بە بوێری و متمانەیەکی زۆری هەردوو لا هەیە بۆ ئەوەی بەرەو پێش هەنگاو بنێن".
هەروەها گوتی: "من گوێم لێبووە هەندێک ئاماژە هەن کە بە ئاراستە دروستەکەدا هەنگاو دەنێن، ئێمە دەستخۆشییان لێ دەکەین و دەڵێین ئەمە شتێکی باشە. بەڵام وەک لایەنی دەرەکی، پێموانییە بتوانین رۆڵێکی گەورە لەم گفتوگۆیەدا بگێڕین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا باسی لەوە کرد کە دەیانەوێت پاڵپشتیی ئابووریی عێراق بکەن و وەبەرهێنان لە وڵاتەکەدا زیاتر بکەن.
زێمتنەر روونیکردەوە: "لەوێ سەرنجمان لەسەر کۆمەڵێک بوار دەبێت، لەنێویاندا ژێرخان، تەکنەلۆجیای زانیاری و بازرگانیی کشتوکاڵی، ئەوەش بۆ ئەوەی ئابووریی ئەم وڵاتە بەهێز بکەین. ئەمە یەکێک دەبێت لەو شتانەی زۆر لەسەری کار دەکەین بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت."



