رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی دانەنراوە، بەڵام ئاڵوگۆڕی پەیام و بیروڕا لە نێوان هەردوولادا بەردەوامە. دەشڵێت: "بەرپرسیارێتیی یەکەم بۆ دەستپێکردنەوەی هەنگاوەکان لای پارتییە، چونکە لایەنی سەرەکیی حکومەتە."
پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولرەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، دۆخی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەخوازێت کە چەقبەستووی سیاسی کۆتایی پێ بهێندرێت و هەموو هەوڵەکان یەک بخرێن.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، کە نیازپاکی لە نێوان هەردوو لایەندا هەیە، بەڵام پێویستە ئەمە ببێتە "هەنگاوی کردەیی". پۆڵا تاڵەبانی بەرپرسیارێتیی یەکەم دەخاتە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەڵێت: "برادەرانی پارتی لایەنی سەرەکیی پێکهێنەری حکومەتن، بۆیە دەبێت بێنە پێشەوە و هەنگاو بنێن بۆ لابردنی لەمپەرەکان."
هەروەها داوای لە پارتی کرد کە پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان مەرج و "هێڵی سوور" دانەنێت و گوتی: "تۆ هەر لە سەرەتاوە کۆمەڵێک هێڵی سوور دابنێیت و بڵێی گفتوگۆی لەسەر ناکەم، ئیدی چۆن گفتوگۆ دەکەیت؟"
سەبارەت بە هەڵوێستی حیزبەکەی، پۆڵا تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتی "نەرمیی زۆری نواندووە" و پشتیوانی لە هەموو دەستپێشخەرییەکان کردووە، لەوانەش دەستپێشخەرییەکانی عەلی باپیر و سەڵاحەدین بەهائەدین. گوتیشی: "ئێمە وەکو سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بڕوای تەواومان هەیە کە دەبێت ئەم دۆخە کۆتایی بێت و هەمیشە ئامادەی کۆبوونەوەین؛ چونکە مێزی گفتوگۆ باشترین رێگەیە و لە سیاسەتدا هەموو شتێک قابیلی گفتوگۆیە."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی داوای کرد بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵک بخرێنە پێش بەرژەوەندیی حیزبی و شەخسی، تاوەکو هەرێمی کوردستان لەم دۆخە سیاسییە رزگاری بێت.



