رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق کرد و سوپاسی رۆڵ و پشتیوانیی بەردەوامی یەکێتییەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد. لە بەرامبەردا باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا جەختی لە بەردەوامیی هاوکارییەکانیان کردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا کە شتیفان ڤێنت، بەرپرسی نوێی نووسینگەی یەکێتیی ئەورووپا لە هەولێر ئامادە بوو، نێچیرڤان بارزانی "سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ رۆڵ و پشتیوانیی بەردەوامی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە." هەروەها وێڕای دەربڕینی پشتگیریی خۆی، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە بەرپرسە نوێیەکەی نووسینگەی یەکێتیی ئەورووپا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کلیمێنس زێمتنەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا جەختی کردەوە کە یەکێتییەکەیان پابەندە بە پشتگیری و هاوکاریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان. هەروەها خوازیاری برەودانی زیاترە بە پەیوەندییەکان و رایگەیاند کە "لە هەموو بوارهکاندا بهردهوام دهبێت له یارمهتیدانیان."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دۆخی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی یەکێتیی ئەورووپا بووە.


