رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، ئەو هاوکاری و هاوئاهەنگییەی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگه و هاوپەیمانان هەبوو، بە گوێرەی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بوو کە بۆ چوار ساڵ بوو و لەمانگی نۆدا وادەکە کۆتایی دێت.
رۆژی شەممە، بی بی سی لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە باسی لەوە کرد، پێنتاگۆن بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نوێ ناکەنەوە کە لە 30ی ئەیلوول کۆتایی دێت. بەمەش، ئەو یارمەتییە داراییەی بۆ پێشمەرگە دەنێردرا دەبڕدرێ، کە لە بودجەی ئەم ساڵی داریی پێنتاگۆندا بە 61 ملیۆن دۆلار دانرابوو.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە لە هەرێمی کوردستان چوار ساڵ پێش ئێستا یاداشتی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ هاوپەیمانان واژۆ کرد. ئەو یاداشتە بۆ چوار ساڵ بوو و لە مانگی نۆدا چوار ساڵەکە تەواو دەبێت. هەموو خاڵەکانی نێو یاداشتەکە وەک خۆیان جێبەجێ کراون".
وەزیری پێشمەرگە گوتیشی: "لە چوار ساڵەکەدا پابەندیی تەواو بە یاداشتەکەوە لە لایەن هەردوولاوە هەبوو. یەکێک لە بڕگە سەرەکییەکانی یاداشتەکە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بوو کە بە تەواوی جێبەجێ کراوە و ئێستا هیچ هێزێکی پێشمەرگە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە نییە".
شۆڕش ئیسماعیل باسی لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرد و گوتی: "هێزەکانی پێشمەرگە لە دوو دەڤەر و 11 فیرقە و فەرماندەییەک رێکخراونەتەوە و لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدان".
لەبارەی دەنگۆی بڕینی هاوکارییەکانی ئەمریکا، بژار زوبێر، لە دێسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداو پرسیاری لە پێنتاگۆن کرد کە ئایا ئەم دەنگۆیانە پشتڕاست دەکەنەوە یان رەت دەکەنەوە، پێنتاگۆن گوتی: "ئێمە هیچ شتێکمان نییە بۆ گوتن لەسەر ئەم بابەتە."


