رووداو دیجیتاڵ
لە وەرزی هاوینداین و ئەمڕۆ کەمێک نمەباران لە بەشێکی پارێزگاکان باری. کەشناسی دەڵێ، سبەی پلەی گەرما نزیکەی 5 پلە دادەبەزێ. شارەزایەکی کەشناسیش پێشبینی دەکات، "بەهۆی زۆریی بارانەوە ئەم ساڵ لافاو دروست بێ".
شارەزایەک: بەهۆی دیاردەی ئێلنینۆوە باران زۆر دەبارێ
لەبارەی پێشبینییەکانەوە بۆ دەستپێکی بارانی ئەم ساڵ، د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ 30ی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشبینی دەکرێ وەرزی باران لەم ساڵدا لە هەرێمی کوردستان زووتر لەکاتی خۆی دەستپێبکات. سەرەتا باران بەهۆی ناجێگیریی کەشوهەوای دەریای سوور دەستپێدەکات، کە ئەوەش وا دەکات جۆری بارانەکە تاوی بەهێز بێت، بۆیە لە مانگی 11 و سەرەتای مانگی 12دا ئەگەری لافاو لە هەرێمی کوردستان هەیە؛ هەروەها پێشبینی دەکرێ تەنانەت لە مانگی 10دا بارانی ئەم ساڵ سەرووی بارانی ئاسایی بێت".
لەبارەی هۆکاریی پێشبینییەکانی بۆ بارانی زۆر و ئەگەری لافاو لە هەرێمی کوردستان، ئەو شارەزایەی کەشناسی دەڵێ: "هۆکار بەهۆی بەهێزبوونی دیاردەی ئێلنینۆیە، کە بریتییە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای رووی زەریای هێمن لە بەشی کەمەرەیی نێوەڕاست و رۆژهەڵات بۆ چەند پلەیەک زیاتر لە ئاسایی کە دەبێتەهۆی وشکەساڵی لە هەندێک بەشی جیهان، وەک باکووری ئەمریکای باشوور و ئەمریکای نێوەڕاست، ئوسترالیا، ئیندۆنیزیا، هیندستان و هەندێک ناوچەی ئەفریقا، بەڵام دەبێتە بارانی سەروو ئاسایی و ئەگەری لافاو لە هەندێک ناوچەی دیکەی جیهان، وەک ناوچەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیای بچووک؛ هەرێمی کوردستانیش لەو چوارچێوەیەدایە".
ئامادەکاریی شارەوانییەکان بۆ رێگری لە لافاو
وەک ساڵی پێشوو، ئەم ساڵیش شارەوانییەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەستیان بە ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی زستان و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو کردووە.
کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیکەی 15 رۆژە کاری پاککردنەوەی رێڕەوە سەرەکییەکانی ئاو، ئاوەڕۆ و مەنهۆڵەکان دەستی پێکردووە، بەڵام بەشێک لە هاونیشتمانییان پابەندی رێنماییەکانی شارەوانی نین.
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر گوتی: "رۆژانە تیمی تایبەت لە سنووری سەرجەم شارەوانییەکانمان سەرقاڵی پاککردنەوەی مەنهۆڵەکانن، ئەوەش بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی لافاو لە وەرزی زستاندا، بەڵام پێویستە هاونیشتمانیانیش پابەندی رێنماییەکانمان بن و زبڵ و خاشاک فڕێ نەدەنە نێو مەنهۆڵەکان".
ئەنجوومەن حەسەن، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی، دوێنێ شەممە بە رووداوی گوت: "جگە لە تیمەکانمان لە تاسڵوجە، راپەڕین، بەکرەجۆ، رۆژهەڵات و رۆژئاوا کە لە سەرجەم وەرزەکاندا کاری پاککردنەوە ئەنجام دەدەن، تیمێکی تایبەتمان هەیە کە 24 کاژێر بەردەوام کاری پاککردنەوەی رێڕەو و مەنهۆڵەکان دەکەن".
گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، شارەوانییەکەیان دوو بەشی سەرەکیی بۆ وەرزی زستان هەیە و لەو وەرزەدا ئەرکەکانیان زیاتر دەبێت، ئەوانیش بەشی ئامێرەکان و بەشی ئاوەڕۆن، کە لە وەرزی زستاندا رۆڵێکی کاریگەر لە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو و هاوکاریکردنی هاونیشتمانییان دەگێڕن.
هەروەها شێروان حەسەن، گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک، 29ی ئاب بە رووداوی راگەیاند: "لە دهۆکیش جگە لە وەرزی زستان، بەهۆی ئەوەی ناوچەکە شاخاوییە، لە وەرزەکانی دیکەش بەردەوام تیمەکانی شارەوانی کار دەکەن بۆ پاککردنەوەی رووبار و رێڕەو و مەنهۆڵەکان".
گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک گوتیشی: "8 تیمی جیاواز و چالاک هەن بەردەوام کار دەکەن بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو، بەڵام تیمی تایبەت بۆ رووباری هیشکەرۆ هەیە، چونکە ساڵانە مەترسی لەو شوێنە هەیە، بەتایبەتی لەو ناوچەیەی خەڵکی کەمدەستکەوت لە دەوروبەری ئەو رووبارەن".
کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێ: "ئەمڕۆ 30ی ئاب ئاسمان نیمچەهەور و هەندێک ناوچە هەوری تەواو دەبێت، ئەگەری پرووشکەباران لە ناوچە جیاجیاکان هەیە. لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان ئەگەری نمەباران و هەورەبرووسکە لە هەندێک کاتدا هەیە".
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمڕۆ لە هەندێک کاتدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە خێرایی با زیاد دەکات؛ لەبارەی پلەی گەرماوە رایگەیاندووە، بەراورد بە دوێنێ "1 بۆ 2 پلەی سیلیزی دادەبەزێ".
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەی گەرما لە ئەنجامی کاریگەریی بارستەهەوایەکی فێنک، کە بەراورد بە ئەمڕۆ 3 بۆ 5 پلەی سیلیزی دادەبەزێ".
د. لوقمان موفتی ئاماژەی بەوە کرد: "ئەمڕۆ لە بەشێکی سلێمانی، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکە بارانی کەم باریوە. ئەم کەشە بۆ سبەی پێشبینی دەکرێ، بەڵام بە رێژەی بارانی کەمێک زیاتر بۆ ناوچە شاخاوییەکان".
موفتی گوتی، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما نزیکەی پێنج پلەی سیلیزی دادەبەزێت، بەڵام لە کەشدا "کەمێک تۆزوبارین دەبێت".
بەگوێرەی کەشناسی، پلەی گەرما سبەی بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 37 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 36 پلەی سیلیزی
دهۆک: 36 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 38 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 38 پلەی سیلیزی
پیرمام: 35 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 37 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 39 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 42 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 26 پلەی سیلیزی



