رووداو دیجیتاڵ
یەکەم گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆی نێوان فڕۆکەخانەی کەرکووک و شاری تارانی پایتەختی ئێران دواخرا و ئەگەری هەیە یەکەم گەشت بۆ عەممانی پایتەختی ئوردنیش دوابخرێت.
هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی کەرکووک، رۆژی یەکشەممە، 30-8-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیار بوو ئەمڕۆ یەکەم گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆی نێوان کەرکووک- تاران لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە دەستپێبکات، بەڵام گەشتەکە بەهۆی داخرانی سیستمەوە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا.
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی کەرکووک، بڕیارە هەفتانە دوو گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان کەرکووک و تاران بکرێن.
هەروەها بڕیارە رۆژی چوارشەممە، 2ی ئەیلوول، یەکەم گەشتی ئاسمانی لەنێوان کەرکووک و عەممان دەستپێبکات و هەفتانە دوو گەشت بکرێن، بەڵام بە گوتەی هەردی سەمەد، ئەگەری هەیە گەشتی ئوردنیش بۆ هەفتەی داهاتوو دوابخرێ، چونکە تاوەکو ئێستا گەشتیاری پێویست نییە.
رۆژی 18ی هەمان مانگ، گەشتی ئاسمانیی هەفتانە لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە بۆ فڕۆکەخانەی نیودەلهیی هیندستان دەستیپێکرد.
ئێستا گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە بۆ مەدینە، ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ترابزۆن، ئەنتاڵیا، دووبەی، بەیروت، باکۆ، نیودەلهی و بەغدا هەیە.



