رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ کۆچی دوایی مەهدی زانا پەیامێکی بڵاوکردەوە و وێڕای وەسفکردنی بە "کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەر"، پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی لەیلا زانای هاوژینی دەکات.
لە پەیامەکەیدا کە رۆژی شەممە، 29ـی ئابی 2026 بڵاویکردووەتەوە، سەرۆک بارزانی خەمباریی خۆی بۆ لەدەستدانی سەرۆکی پێشووی شارەوانیی ئامەد دەردەبڕێت و دەڵێت: "بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دواییم پێگەیشت."
سەرۆک بارزانی پەیامەکەی ئاراستەی بنەماڵەی زانا و بەتایبەت لەیلا زانا، سیاسەتڤانی دیاری باکووری کوردستان کردووە و دەنووسێت: "پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی كوردپەروەر و خەباتگێڕی مەهدی زانا و هەروەها خوشكی بەڕێزم (لەیلا زانا) هاوژینی خوالێخۆشبوو مەهدی زانا و تەواوی كەسوكار و دۆست و ئاشنایانیان دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم".
هەروەها لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی لە خودای گەورە داواکارە رۆحی مەهدی زانا بە بەهەشت شاد بکات و سەبووری بە خانەوادە و ئاشنایانی ببەخشێت.



