رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسیی پارێزگای سنە رایدەگەیێنێت، لە ماوەی ساڵێکدا زیاتر لە 17 هەزار منداڵ لە پارێزگاکە لەدایکبوون، کە 336ـیان دووانە بوون. دەشڵێت، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 3 هەزار و 800 جیابوونەوە تۆمارکراوە.
رۆژی شەممە، 29ـی ئابی 2026، عەلی جۆکار، بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسیی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئاماری ساڵانەی (21-8-2025 تاوەکو 21-8-2026) بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو ماوەیەدا 17 هەزار و 69 منداڵ لە پارێزگاکە لەدایکبوون.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە نێو لەدایکبوواندا 8 هەزار و 852ـیان کوڕ و 8 هەزار و 217ـیان کچ بوون. جۆکار ئاماژەی بەوەش کرد کە 336 لەدایکبوونی دووانە و 13 سێیانە لە ناوەندە تەندروستییەکانی پارێزگای سنە تۆمارکراون.
سەبارەت بە باری خێزانی، بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسیی سنە ئاشکرای کرد، لەو یەک ساڵەدا، 9 هەزار و 742 پڕۆسەی هاوژینی کراون. لە بەرامبەردا، 3 هەزار و 814 جیابوونەوەی هاوژینان تۆمارکراوە.
عەلی جۆکار رایگەیاند کە لە هەمان ماوەدا 8 هەزار و 562 کەس لە پارێزگاکە مردوون، کە پێکهاتوون لە 5 هەزار و 51 پیاو و 3 هەزار و 511 ژن.
بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای سنە گەیشتووەتە 1 ملیۆن و 747 هەزار و 445 کەس.




