رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی کورد لە لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان ئامادەیە 50 هەزار بەرمیل نەوتی ناوخۆ رادەستی بەغدا بکات، بە مەرجێک حکومەتی فیدراڵ هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق سووتەمەنی بۆ هەرێمی کوردستان دابیندبکات. دەشڵێت، وەزیری نەوت لە لێدوانەکانیدا "دووفاقی" دەکات.
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولرەحمان پێشکێشیدەکات، رایگەیاند، لە دوایین کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، بە بەڵگەی فەرمی رووبەڕووی وەزیر بووەتەوە و سەلماندوویەتی کە هەڵوێستەکانی دژبەیەک و دووفاقین.
بەڵگەنامەکان و واژۆی وەزیر
سیپان شێروانی ئاماژەی بەوەکرد، کە وەزیری نەوت پێشتر واژۆی لەسەر کۆنووسێک کردووە (کاتێک بریکاری وەزیر بووە) و تێیدا هەرێمی کوردستان بە فەرمی پێویستیی رۆژانەی خۆی بە لانیکەم 115 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ناوخۆ دیاریکردووە، بەڵام ئێستا وەزیر تەنیا باس لە 50 هەزار بەرمیل دەکات.
ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "کاتێک کۆنووسی رۆژی 8ـی ئاداری 2025ـم خستە بەردەم باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوت، کە واژۆی خۆی لەسەر بوو، نەیتوانی نکۆڵیبکات، بەڵام بەداخەوە هەندێک نوێنەری کورد لە پەرلەمان دەیانویست ببنە پارێزەری وەزیر."
سیپان شێروانی باسی لە بڕیاری ژمارە 550ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کرد، کە تێیدا هاتووە ئەگەر 50 هەزار بەرمیلەکە بەشی هەرێمی کوردستانی نەکرد، دەبێت بەغدا 15 هەزار بەرمیلی دیکە دابینبکات. گوتیشی: "کاتێک ئەمەمان یادی وەزیر خستەوە، گوتی ئێستا لە قەیرانداین و ناتوانین دابینیبکەین؛ ئەمە لەکاتێکدایە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە فەرمی داوای جێبەجێکردنی بڕیارەکەی کردووە."
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز رەخنەی تووندی لە هەندێک پەرلەمانتاری کورد گرت و رایگەیاند: "لەبری بەرگری لە مافی خەڵک، هەندێکیان بۆ ململانێی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردن و کێشەی مووچە، سەرقاڵی لێدانن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان." ئاشکرایشیکرد کە یاداشتێکیان بە واژۆی 169 پەرلەمانتار ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین، بەڵام جگە لە عومەر کۆچەر، هیچ پەرلەمانتارێکی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی کورد واژۆی لەسەر نەکردووە.
سیپان شێروانی جەختیکردەوە، کە وەک نوێنەرانی کورد لە بەغدا بەردەوام دەبن تاوەکو بە هەر رێگەیەک بێت، بەنزین بە نرخێکی هەرزانتر بگاتە دەستی هاونیشتمانییان.


