رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی کۆچی دوایی سیاسەتڤان و کەسایەتیی ناسراوی کورد، مەهدی زانا، پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرەخۆشی لە خاتوو لەیلا زانا و بنەماڵە و هەڤاڵانی کۆچکردوو کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا کە شەممە 29-8-2026 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاندووە: "مەهدی زانا یەکێک بووە لە کەسایەتییە دیارەکانی کاروانی خەباتی سیاسیی کورد لە تورکیا. ساڵانی درێژی تەمەنی خۆی بۆ پاراستنی مافەکانی گەلەکەی تەرخان کرد و لەم رێگەیەشدا قوربانیی زۆری دا."
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، هاوبەشی خەمی بنەماڵە و کەسوکاری مەهدی زانایە و هیواشی خواست خودای مەزن گیانی کۆچکردوو بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بکات و سەبرو ئارامی بە هەمووان ببەخشێت.
مەهدی زانا، سەرۆکی پێشووتری گەورەشارەوانیی ئامەد و هاوژینی لەیلا زانا، کە 15 رۆژ بوو لە نەخۆشخانەی (گێنیسیس)ـی تایبەت لە شاری ئامە چارەسەری وەردەگرت، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
بڕیارە سبەی یەکشەممە 30ـی ئاب، مەهدی زانا لە گۆڕستانی یەنیکۆی لە ئامەدی باکووری کوردستان بەخاک بسپێردرێت.
مەهدی زانا لە ساڵی 1940 لە ناوچەی فارقینی ئامەد لەدایکبووە، لە ساڵانی 1978-1980 وەک سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد خزمەتی کردووە.
مەهدی زانا یەکێکە لە کەسایەتییە ناسراوەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە باکووری کوردستان، دوای کودەتای 12ـی ئەیلوولی 1980 دەستگیرکرا و چەندین ساڵ لە زیندانی ئامەد بوو.
مەهدی زانا هاوژینی سیاسەتڤانی ناسراوی کورد (لەیلا زانا)یە و باوکی دوو منداڵە بە ناوەکانی رووکەن و رۆنای.

