رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک نوێنەری گەلی کوردستان و بەپێی یاسا، رۆڵێکی گرنگ لە یەکخستنی لایەنەکان لە بەغدا و نێوەندگیریی لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا دەگێڕێت. دەشڵێت، "نێچیرڤان بارزانی توانیویەتی هاوسەنگییەک لە نێوان بەرژەوەندییەکانی ناوچەکە و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا دروست بکات."
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، سەردانە بەردەوامەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و پشتیوانیکردنی لە حکومەتەکەی عەلی زەیدی، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر سەقامگیریی عێراق هەبووە. گوتیشی، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام بانگهێشتی کۆبوونەوە باڵاکانی عێراق دەکرێت، ئەمەش نیشانەی متمانەی هەموو لایەنەکانە بە رۆڵی هاوسەنگی ئەو."
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە دۆسیەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا و ئاشکرای کرد، نێچیرڤان بارزانی رۆڵێکی کاریگەری بینیوە لە لێکنزیککردنەوەی دیدگاکانی هەسەدە و حکومەتی سووریا، کە بووە هۆی "رێککەوتنێکی مێژوویی" بۆ پاراستنی مافەکانی کورد لە سووریا.
دڵشاد شەهاب گوتی، "بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن و دیدارەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان، پێگەی هەرێمی کوردستانی وەک ئەکتەرێکی سەرەکی لە ناوچەکەدا بەهێزتر کردووە. ئەو توانیویەتی لەنێوان ململانێی زلهێزەکاندا، بەرژەوەندیی گەلی کوردستان بپارێزێت."
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:
رووداو: بەڕێز دڵشاد شەهاب، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندین جار چووەتە بەغدا و پشتیوانیی خۆی بۆ حکومەتی نوێی عێراق راگەیاندووە. بەرهەمی ئەم پشتیوانیکردنە و ئەو هاوئاهەنگییە چی دەبێت لە داهاتوودا؟
دڵشاد شەهاب: خۆت دەزانی ئەو ئاڵنگارییانەی کەوا لە بەردەم عێراقدان، بە سرووشتی کە دەڵێم عێراق هەمووی، هەرێمی کوردستانیشی دەبێتەوە. بەڕاستی بەرگەی ئەوە ناگرن دیسانەوە هەندێک کێشەی نێوخۆیی بن و ئێمە هەر خەریکی ئەوە بین تازە لەسەر بچووکترین مافەکانی هاونیشتمانییان لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکەینەوە، کە زۆر لە قۆناخەکانی پێشووتردا وابووە. بەڵام ئێستا وەک دەبینن، بە راستی لێکتێگەیشتنێکی زۆر باش هەیە. جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریی کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتییەکانی عێراق دەکات کە لەگەڵ ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، ئەو هاوپەیمانییەی کە هەیە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، هەروەها جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەمیشە بانگهێشت دەکرێت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی عێراق. ئەمە هەر خۆی نیشاندانی هەنگاوێکی ئەرێنییە لە پیادەکردنی مامەڵەیەکی فیدراڵییانە لە نێوان دەسەڵاتەکانی فیدراڵی و لە نێوان هەرێمی کوردستاندا. ئێمەش لە هەرێمی کوردستان قەت دەستپێشخەرنەبووین لە هیچ کاتێکدا بۆ دروستبوونی کێشە، هەمیشە ئەگەر کێشە هەبووبێت، پەرچەکردارێک بووە لای ئێمە لەسەر ئەو مافانەی کە لە خەڵکی هەرێمی کوردستان زەوت کراون. بۆ نموونە ئەوەی کە هەمیشە دووبارە دەکرێتەوە، بابەتی مووچەی فەرمانبەران، واتە ئەوە وەک نموونەیەک کە هیچ دەستوور و یاسایەک رێگەی نادات بەوەی کەوا تۆ تەنانەت ئەگەر ناکۆکیی سیاسییشت هەبێت، هاونیشتمانییەک سزا بدەی لەسەر ئەوەی کە ناکۆکییەکی سیاسیت لەگەڵ دەسەڵاتێک یان لەگەڵ حیزبێک هەیە. مافەکانی هاونیشتمانییان گەورەترن لەوە. بڕوای ئێمە وایە ئەو دیدگایەی کە بەڕێز زەیدی هەیەتی و زۆر لە هێزە عێراقییەکان هەیانە، لە ئەنجامی ئەو ئەزموونە تاڵەی کە چەندین ساڵە عێراق لە شوێنی خۆیدا هیچ بەرەوپێشچوونێکی شایستە لە دۆخی عێراق، نە لە رووی ئابووری، نە لە رووی خزمەتگوزاری، نە لە رووی پێگەی نێودەوڵەتی، نە لە رووی دراوسێیەتی دروست نەبووە، دیارە ئەمە پێویست دەکات کە پێداچوونەوەیەک بکرێت لە هەموو لایەکەوە. بەڕێز زەیدی ئەم ئامادەییەی نیشانداوە، لە بەرنامەی حکومەتیی خۆی کە پێشکێشی پەرلەمان کرد ئەوانەی تێدابووە. بۆ ئەو هەنگاوانە هەرێمی کوردستان پشتیوانیی تەواوی خۆی نیشانداوە. لە هەموو کۆبوونەوەکاندا جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەیی ئەوەی نیشانداوە کەوا هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ دۆخی ئابووری، ئەو بەشەی کە بتوانین لەو قەیرانە قووڵەی کە عێراق تێکەوتووە بەهۆی شەڕی ئەمریکا و ئێرانەوە، هاوکار بین.
رووداو: باسی شەڕی ئەمریکا و ئێرانت کرد، بۆچی رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا هەمیشە بە بەرزی باس دەکرێت؟
دڵشاد شەهاب: رەنگە ئەوە بۆ هەموو کەس ئاسانتر بێت لە ئێمە کە باسی بکەین، بەڵام راستی ئەو بەڵگە و ئەو گەواهییەی کە هەن لەسەر زاری خەڵکی دیکەوە و ئەو دەرەنجامانەی کە بە کردەیی هاتوونەتە ئاراوە، ئەوەی سەلماندووە کەوا زۆر زەحمەت بووە لە ململانێیەکی پڕ لەم هەموو کێشە و ئاڵۆزییانەی کە هەن، ململانێی نەتەوەیی لە ناوچەکە هەیە، لەنێوان هەموو ئەمانەدا گرتنەبەری رێگەیەک کە بتوانێت باڵانسێک بپارێزێت، هەم لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەو کەسانەی خاوەن بەرژەوەندین لە ناوچەکە تووشی بەریەککەوتن نەبێت، هەمیش پارێزگاری لە پێگە و هەبوونی مافەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت و گەلی کورد بکرێت، بەڕاستی کارێکی ئاسان نییە. من بڕوام وایە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر سەرکەوتووانە توانیویەتی و ئەوەی کە ئێستا هەموو دنیا شایەتی ئەو حەقیقەتە دەدات، بەڕاستی ئەمە دەسکەوتێکی کەسی نییە، پێگەیەکە، ئەو هێزەی بە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی داوە، پشتیوانیی هەرێمی کوردستانە، سەرۆکایەتیی ئەو تایتڵەیە کە نوێنەرایەتیی میللەت دەکات. بەپێی یاسا سەرۆکی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان دەکات و ئەو پشتیوانییە، ئەو پێگە فەرمییەیە کە وایکردووە، بۆیە هەم ئێمە خۆشحاڵین کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان توانیویەتی ئەو رۆڵە ببینێت، هەم سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش دڵی بە پشتیوانیی میللەتی خۆی و بە پارێزگاری کردن لەو بەرژەوەندییە دەستوورییانەی کە بۆ هەرێمی کوردستان هەن، خۆشە. پێموایە تاوەکو ئێستا کارێکی زۆر سەرکەوتووانە کراوە. رەنگە زۆر جاران ئەم رۆڵە لە رۆڵی هەرێمێکی بچووکی سنووردارکراوی دەورەدراوی وەک هەرێمی کوردستان، گەورەتریش دەرکەوتبێت.
رووداو: لە سووریا رێککەوتنی نوێ کراوە، رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم نێوەندەدا چی بووە؟
دڵشاد شەهاب: دەزانی پێش هەموو شت دەبێت ئێمە یەک راستییەک بزانین کە ئەو سیاسەتەی لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو کراوە بەرامبەر بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، بەرامبەر بەو پێکهاتن و رێککەوتنەی کە لە رۆژئاوای کوردستان لە سووریا هەبووە، دیارە ئەوە دەرخەری یەک راستییە کە هەرێمی کوردستان توانیویەتی سیاسەتێکی سەرکەوتووانەی بێلایەنگیری و بێ سازشکردن لەسەر مافە بنەڕەتییەکانی خۆمان لەگەڵ رەچاوکردنی تایبەتمەندییەکانی ئەم دەوڵەتانە. دیارە کە ئاڵۆزییەکانی رۆژئاوا گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار، یەکەمین جار هەر جێگەی خۆیەتی کە باسی بکەین جەنابی سەرۆک بارزانی رۆڵێکی زۆر گەورە و کاریگەری بینی لەوەی کەوا نەهێڵێت ئەم کێشەیە تەشەنە بکات، چونکە هەوڵێکی زۆر هەبوو بۆ ئەوەی ئەمە وەک کێشەی کورد و عەرەب وێنا بکرێت، یان ببێتە شەڕی کورد و عەرەب. دیارە لەوێدا جەنابی سەرۆک بارزانی بە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێز شەرع و بەڕێز مەزڵووم کرد، لە کردنەوەی کۆمەڵێک گرێکوێرە و لە هێورکردنەوەی دۆخێکی وا، لە گۆڕینی ئاراستەی ململانێ لە نێوان شەڕی کورد و عەرەب بۆ هەبوونی ململانێیەکی سیاسیی ئاسایی، دیارە کاریگەریی زۆری بەجێهێشت. دوای ئەوە قۆناخەکانی پەیوەندیکردن لەگەڵ یەکدی، لەگەڵ یەکدی گفتوگۆ کردن، کە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێمە لە چەندین کۆبوونەوە ئامادە بووین، هەروەها لەو کۆبوونەوە دووقۆڵییانەی کە لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا دەکرا. دەزانی کاتێک کە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، لە میونشن پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی سووریا کرد، دیارە هیچ ئاسۆیەکی روون نەبوو ئەم حکومڕانییە بەرەو کوێ دەچێت و لە عێراق رەنگە ناڕەزایەتییەکی زۆر هەبوو بێت لەسەر ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمە بکرێت و هیچ ئاسۆیەکی روون نەبوو. بەڵام جیاوازی و دووربینیی سەرکردەکان لەم شتانە دایە. لە کاتێکدا ئەم دەرگای پەیوەندییە کرایەوە کە خەڵک تۆزێک سڵی دەکردەوە ئەم پەیوەندییە بکات. بەڵام ئەم یەکتر بینینانە پردێکی پەیوەندی دروست کرد. دیارە لە پاڵ ئەمەدا پەیوەندیی بەردەوامیش لەگەڵ بەڕێز مەزڵووم عەبدی و لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد و لەگەڵ بابڵێین سەرکردایەتیی هەسەدە و پەیەدە هەرچییەک کە رەنگە نەزانم کەی دروستە مرۆڤ هەندێک وردەکاری بڵێت، بەڵام بەڕاستی لەو وردەکارییەدا من شایەتی ئەو حەقیقەتە بووم کە جەنابی (نێچیرڤان بارزانی) چەند رۆڵی بینی لەوەی بەڕێز مەزڵووم عەبدی بێت بەشداری لە کۆنگرەی میونشن بکات. مەبەستم لەمە چییە؟ هەموو ئەمانە بۆ دوو شت بوون: یەکەم، نیشاندانی ئامادەیی کورد لە رۆژئاوا بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان، بۆ ئەوەی ئەم دەنگە بگاتە خەڵک، بگاتە دنیا، کاتێک کە بەڕێز مەزڵووم عەبدی هاتبوو بۆ ئەوێ، لەوێ دیداری سیاسیی کردن، پێناسەی کورد لە پێناسەی کۆمەڵەیەک شەڕکەر کە لە بەرامبەر وەزعێکدا دژی داعش یان دژی ئەوانە بوون، گۆڕدرا بۆ ئەوەی کە هەبوونێکی سیاسیی میللەتێک لەسەر زەوی هەیە، دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. دیارە لە هەمان کاتدا وەک گوتم لەگەڵ لایەنی دیکەشدا. ئەوەی کە جێگەی سەرنجە و زۆر گرنگە ئێمە پێگەی هەرێمی کوردستان بەڕاستی زۆر بە رێزەوە سەیر بکرێت، لەوەی کە لایەنەکانی کێشەکان، بۆ نموونە لە لایەکەوە حکومەتی تورکیا، لە لایەکەوە قەندیل، لە لایەکەوە شاندی ئیمرالی، لە لایەکەوە دەم پارتی، هەموویان قبووڵیانە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو نێوەندەدا رۆڵێکی ئەرێنی و کاریگەر ببینێت. ئەمە کاروبارێکی ناوخۆیی تورکیایە، بەڵام لەبەر مەقبووڵییەتی ئەو پێشوازی لێدەکرێت. لە سووریا ئەمە کاروبارێکی ناوخۆیی سوورییە، کە ئەگەر وەک وڵات تەماشای بکەی، بەڵام هەم با بڵێین لایەنی خۆمان، لایەنی براکانی ئێمە لە رۆژئاوا، هەمیش لایەنی دەوڵەتیش کە ئێمە بە رێزەوە سەیر دەکەین بۆ رەخساندنی ئەو بوارەی کە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دواجار بتوانێت رۆڵێکی ئەرێنی تێدا ببینێت. بۆیە من پێموایە، ئەوەی کە ئێستا روودەدات لە سووریا، ئەمە جێبەجێکردنی یان بەشێکی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەیە کە لە سەرەتای ئەم ساڵەدا هەر دیسان بە نێوەندگیری و هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتنە ئەنجام. هەمیشە من بەبیرم دێت تەنانەت ئەو دەستوورەی کە ئێمە ئەوەندە پاڵپشتی لێدەکەین، جەنابی سەرۆک بارزانی کاتی خۆی گوتی هەموو مافەکانی ئێمە لەم دەستوورەدا نین، بەڵام ئەمە ژیانە و بەردەوامە. پێموایە قۆناخێکی باشمان بڕیوە. راستە ئێستا رەنگە زۆر خەڵکی ئێمە، خەڵکی کورد، پێیانوابێت کە ئەوەی لەوێ دەگوزەرێت کەمترە لە چاوەڕوانیی کورد، بەڵام هەنگاوێکی باشە. هەمیشە ئەوەمان لە پێش چاو بێت کە لە چەند ساڵێک لەمەوبەر میللەتی ئێمە لەوێ ناسنامەی نەبووە. ئێستا ئەمڕۆ بە زمانی خۆی دەخوێنێت، ئەمڕۆ بەشداریی ئیدارە دەکات، ئەمڕۆ بەشداریی پەرلەمان دەکات. وەک چۆن ئێمە لە بەغدا باسی مافی کورد دەکەین، ئاوها جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیمەشق باسی زمان و وردەکاریی مافەکانی کوردی لەگەڵ سەرۆککۆمار کرد، کە بە راستی ئەگەر ئەو پێگە و ئەو متمانە و ئەو پەیوەندییە باشە نەبێت، رەنگە بۆ دەوڵەتێک ئاسان نەبێت وەها لە کەسێکی دیکە کە لە وڵاتێکی دیکەوە هاتووە بەم شێوەیە قبووڵ بکات. بەڵام بە راستی مامەڵەی بەڕێز شەرع زۆر زۆر جێگەی رێز بوو، زۆر دۆستانە بوو لەگەڵ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئامانجەکەشی لە کۆتاییدا بووە سەقامگیری لەوێ و پارێزگاری لە مافی گەلی ئێمە.
رووداو: سوپاست دەکەین.
دڵشاد شەهاب: سوپاس بۆ ئێوە، دەستتان خۆش بێت.
.jpeg&w=3840&q=75)
