رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە کۆنسووڵی گشتیی فەلەستین لە هەولێر کرد، کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی ماڵئاوایی لێکرد. لە دیدارەکەدا جەخت لە پەیوەندییە مێژووییەکانی هەردوو گەلی کوردستان و فەلەستین و رەوایەتیی دۆزەکانیان کرایەوە.
رۆژی شەممە، 29ـی ئابی 2026، بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە دکتۆر ماهر کرکی، کۆنسووڵی گشتیی فەلەستین لە شاری هەولێر کرد.
بەپێی راگەیێندراوەکە،دکتۆر ماهر کرکی بەبۆنەی کۆتاییهاتن بە ئەرکەکانی و بۆ ماڵئاواییکردن سەردانی سەرۆک بارزانیی کردبوو، سڵاوی تایبەتی مەحموود عەباس، سەرۆکی فەلەستینی بە سەرۆک بارزانی گەیاند. هاوکات پیرۆزباییشی لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ وەرگرتنی نیشانی ئاستبەرزی پاپای ڤاتیکان، و رۆڵی سەرۆک بارزانی لە "رەگداکوتانی فەرهەنگی تەبایی و پێکەوەژیان" بەرزنرخاند.
لەلایەکی دیکەوە، دکتۆر ماهر کرکی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی گەلی کوردستان کرد کە "هەردەم هاوسۆزی ئازار و نەهامەتییەکانی گەلی فەلەستین بوونە." هەروەها سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە ئاسانکاری و یارمەتیدانی رەوەندی فەلەستینی، و بەخشینی زەماڵە و رەخساندنی دەرفەتی خوێندن بۆ قوتابییانی فەلەستینی.
لە بەرامبەردا، سەرۆک بارزانی سوپاسی مەحموود عەباس، سەرۆکی فەلەستینی کرد. وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی کوردستان و گەلی فەلەستین، جەختی لە "رەوایەتیی دۆزی هەردوو گەل و ماف و داواکارییەکانیان" کردەوە.
