رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی کەنەدا دەڵێ، وڵاتەکەی بۆ ئەو کەسانە کراوەیە کە خاوەن ئەزموون و کارامەیین، بەبێ رەچاوکردنی وڵاتینامەیان.
رۆژی شەممە، 29ی ئابی 2026، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی کەنەدا لە وەڵامی چەند پرسیارێکی رووداودا، وردەکاریی ئەو کەرتانە ئاشکرا دەکات کە وڵاتەکە پێویستییەکی زۆری پێیانە.
بودجەی 2025 و وەرگرتنی کارمەندی لێهاتوو
سیستمی کۆچی کەنەدا بە جۆرێکە کە هاوکارە بۆ ئەو پەناخوازە لێهاتووانەی کە دەبنەهۆی باشتربوونی دۆخی ئابووری.
بەگوێرەی (ستراتیژی راکێشانی کەسانی نێودەوڵەتیی لێهاتوو) لە بودجەی 2025دا، کەنەدا دەیەوێ ئەو پیشە و پیشەسازییانە بەهێز بکات کە ئابووری و کۆمەڵگەکەی بەڕێوە دەبەن.
کەرتە لەپێشینەکان لەم بوارەدا بریتین لە ژیریی دەستکرد، وزە، بەرهەمهێنانی پێشکەوتوو، چاودێری تەندروستی و نیشتەجێبوون.
دەرفەتی مانەوە بۆ ساڵی 2026
وەزارەتی کۆچی کەنەدا دەڵێ، پێدانی دەرفەتی مانەوەی هاووڵاتی لە کەنەدا بە جۆرێکە کە دەبێ لەگەڵ پێویستییەکانی بازاڕی کار بگونجێ.
ئێستا وەزارەتەکە لە رێگەی پڕۆگرامی (ئێکسپرێس ئینتری) باس لە رەخساندنی دەرفەتی مانەوە بۆ ئەو کەسانە دەکات کە ئەزموونی کاریان لەم پیشانەدا هەیە:
•کەرتی تەندرووستی و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی، وەک پزیشکی خێزانی، پەرستار، پزیشکی ددان، دەرمانساز و دەروونناس.
•زانست و تەکنەلۆژیا، وەک پسپۆڕانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و ئەندازیاری شارستانی.
•پیشە دەستییەکان، وەک دارتاش و وەستای ئاوەڕۆ .
•کەرتی گواستنەوە، وەک فڕۆکەوان، شارەزای بزوێنەری فڕۆکە و تەکنیککاری ئۆتۆمبێل.
•زمانی فەرەنسی، ئەو بەربژێرانەی کە لە زمانی فەرەنسیدا شارەزاییەکی زۆر باشیان هەیە.
هاونیشتمانییان دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن؟
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا کوردی باشووری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانن سوود لەم دەرفەتانە وەربگرن، وەزارەتی کۆچ بە رووداوی راگەیاند: "پێوەرەکانی وەرگرتن بۆ بەرنامەکانی کۆچی ئێمە بەستراوە نین بە وڵاتینامەی داواکارانەوە."
ئەمە بەو واتایە دێت کە کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن بەو مەرجەی مەرجەکانی "یاسای پاراستنی کۆچ و پەنابەران"و رێساکانیان تێدابێت.
داواکاران دەتوانن لە رێگەی وێبسایتی فەرمی حکومەتی کەنەداوە بە وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێک بزانن ئایا شایستەی پێشکێشکردنی داواکارین وەک "کۆچبەری لێهاتوو" یان نا.
میکانیزمی هەڵبژاردنی بەربژێرەکان
بە گوێرەی وەڵامەکەی وەزارەتی کۆچی کەنەدا، وڵاتەکە لە رێگەی پڕۆگرامی (ئێکسپرێس ئینتری) بانگهێشتنامە بۆ ئەو بەربژێرانە دەنێرێ کە بەرزترین نمرەیان لەنێو داواکاراندا هەیە.
ژمارەی ئەو کەسانەی وەردەگیرێن بەستراوەتەوە بە ئامانجە ساڵانەکانی پرسی کۆچ، پێویستیی بازاڕی کار و ژمارەی بەربژێرە بەردەستەکان.
کەنەدا بۆ دەستنیشانکردنی کەمیی هێزی کار، پشت بە داتاکانی "سیستەمی پێشبینی پیشەیی کەنەدی" دەبەستێت.


