رووداو دیجیتاڵ
لە دووەم رۆژی شازدەیەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کەلوپەلی بیناسازی، ئاوەدانکردنەوە، کارەبا و شارەوانیدا لە هەولێر، کۆمپانیای دابین، بەرهەمهێنەری چیمەنتۆ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چیمەنتۆی کوردستان لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سووریادا بەشدارە.
لە بەرنامەیەکی تایبەتدا، کە لە لایەن بەختیار عەبدولعەزیزەوە لە پێشانگاکەدا پێشكێشکرا، راستی بامەڕنی، بەڕێوەبەری تەکنیکیی کۆمپانیای دابین رایگەیاند، کارگەکە لە گوندی کێشکە، نزیک گۆمەسپان و نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە و پلاندانانی شوێنەکە لە 2011ـەوە دەستی پێکردووە بۆ دۆزینەوەی ناوچەیەکی دەوڵەمەند بە کانزای پێویست بۆ چیمەنتۆ.
بە گوتەی راستی بامەڕنی، هەموو ئەو کەرەستانەی لە دروستکردنی چیمەنتۆدا بەکاردەهێنرێن، بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستانن. لەنێویاندا: لایم ستۆن (بەردی گەچ) کە نزیکەی 75٪ی پێکهاتەی خاوی چیمەنتۆیە، لە خودی ناوچەکەوە دەردەهێنرێت. هەروەها ساند ستۆن بۆ زیادکردنی سیلیکا و باشترکردنی کوالێتی، هەر لەو ناوچەیە بەرهەم دەهێنرێت. تەنیا تۆزی ئاسن نەبێت کە تاکە مادەی هاوردەکراوە و تەنیا 2٪ بۆ 3٪ی چیمەنتۆکە پێکدێنێت.
ئەم مادانە پێکەوە لە فڕندا دەسوتێنرێن تاوەکو پلەی گەرمییان دەگاتە هەزار و 450 پلەی سیلیزی، بۆ دروستکردنی ماددەی "کلینکەر" کە 90٪ی چیمەنتۆی لێ دروست دەبێت. سووتەمەنییەکەش نەوتی رەشی خۆماڵییە.
بە گوتەی راستی بامەڕنی، کوالێتی بەرهەمەکە پابەندە بە ستانداردی عێراقی چیمەنتۆ، کە پشتی بە ستانداردی ئەورووپی و بەریتانی بەستووە، شتێک کە رێگە دەدات چیمەنتۆکە بگوازرێتەوە دەرەوەی وڵات، لەوانە بازاڕی سووریا و باشووری عێراق.
کۆمپانیاکە هەروەها باسی لەوە کرد، نیوەی کارمەندانی کۆمپانیاکە کوردن و بۆ هەندێ کاری تەکنیکی، پشت بە شارەزا و پسپۆڕی بیانی دەبەستن. هەروەها کیسەی چیمەنتۆکەش لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت. کارگەکە تاقیگەیەکی خۆی هەیە بۆ تاقیکردنەوەی بەردەوامی کوالێتیی ماددە خاوەکان پێش گەیشتن بە سایلۆکانی فرۆشتن و وێستگەیەکی کارەبای تایبەت بە توانای 52 مێگاوات هەیە بۆ دابینکردنی وزەی کارگەکە. بۆ پاراستنی ژینگە، وەک راستی بامەڕنی باسی کرد، کۆمپانیاکە فلتەری تایبەت بۆ کۆنترۆڵکردنی تۆز و کەمکردنەوەی گازە زیانبەخشەکان دامەزراندووە، بە خەرجییەکی نزیکەی سێ تاوەکو چوار ملیۆن دۆلار. بەرهەمەکانیان بریتین لە جۆرەکانی OPC بۆ بناخە و کۆڵەکە، Sim 2 بۆ لەبخ و Super Block بۆ کارگەکانی بلۆک.


