رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق پشکی سووتەمەنیی مۆلیدە ئەهلییەکانی بۆ مانگی ئەیلوول کەمکردەوە. سەرۆکی لیژنەی مۆلیدەکانی کەرکووک دەڵێت: "ئەو بڕە گازەی دیاریکراوە تەنیا بەشی هەشت رۆژ دەکات".
لقی کەرکووکی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان رایگەیاند، بۆ مانگی ئەیلوول بۆ هەر کەی ڤی یەک (KVA) بڕی 30 لیتر گازوایل بە نرخی پاڵپشتیکراو دابین دەکرێ.
سامر عەلی، سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی کەرکووک، رۆژی پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026 بە رووداوی راگەیاند: "حکومەت لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا 45 لیتر گازی بە خۆڕایی تەرخان دەکرد بۆ هەر کەیڤییەک، بەڵام ئێستا پشکەکەی کردووەتە 30 لیتر و بۆ هەر لیترێکیش 400 دینار وەردەگرێ."
سامر عەلی هۆشداری دا کە ئەم بڕە گازە بەم بێکارەباییەی ئێستا تەنیا بەشی حەوت بۆ هەشت رۆژ دەکات و هەربۆیە خاوەن مۆلیدەکان ناچارن گازی بازرگانی بە 1200 دینار بکڕن، کە ئەمەش بارگرانییەکی زۆر لەسەر هاووڵاتی دروست دەکات.
سەرۆکی لیژنەی مۆلیدەکانی کەرکووک گوتی، لە مانگی ئابدا موەلیدەکان 380 کاژێر کاریان کردووە، بەڵام ئەو پارەیەی بۆ ئەمپێر دیاریکراوە کەمتر بووە لە تێچووی ئەو کاژێرانە؛ گوتیشی: "لیژنە هاوبەشەکان پێیان گوتووین پارەی ئەو کاژێرە زیادانەی مانگی هەشت لەسەر حیسابی مانگی نۆ لە هاوبەشان وەربگرنەوە، بۆیە ئێستا هەر هاوبەشێک بۆ هەر ئەمپێرێک پێنج هەزار دینار قەرزدارە بۆ مانگی داهاتوو و ئاگاداریش نین."
سامر عەلی دەڵێ، ئەگەر مۆلیدەکان 500 کاژێر کاربکەن واتە لە رۆژێکدا نزیکەی 16 کاژێر، ئەوا نرخی هەر ئەمپێرێک دەگاتە 28 هەزار دینار؛ باسی لەوەشکرد کە بەهۆی کەمیی گازەوە تاوەکو ئێستا 17 موەلیدە لە گەڕەکە جیاوازەکانی کەرکووک کوژاونەتەوە.
لە سنووری پارێزگای کەرکووک نزیکەی 1200 مۆلیدە هەن. نرخی ئەمپێرێک کارەبا لە مانگی ئابدا لەنێوان 10 بۆ 14 هەزار دیناردا بوو.



.jpg&w=3840&q=75)