رووداو دیجیتاڵ
هادی عوسمان، زیندانیی سیاسیی تەمەن 57 ساڵ، چیرۆکی خۆی و 12 ئەندامی دیکەی خێزانەکەی دەگێڕێتەوە کە سەرجەمیان زیندانیی سیاسی بوون. ئەو ماوەی 11 ساڵە مامەڵەکانی تەواو کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە مووچە و ئیمتیازاتەکانی زیندانییانی سیاسی سوودمەند نەبووە.
هادی عوسمان، بە رووداوی گوت: "هەموو مامەڵەکانم تەواو کردووە، کەچی تاوەکو ئێستا نە مووچە و نە ئیمتیازاتی زیندانیی سیاسی لێی سوودمەند نەبوومە. باوکیشم تاوەکو مرد، مووچەی وەرنەگرت."
ماوەی 13 ساڵە 25 هەزار و 652 زیندانیی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان دۆسییەکانیان تەواو بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەیان پێنەدراوە. وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بۆ هاوتاکردنی مووچە و ئیمتیازاتی زیندانییانی سیاسی، مانگانە زیاتر لە 24 ملیار دیناری پێویستە و ئەمەش لە رەشنووسی بودجەی 2027ی عێراق جێگیر کراوە.
عەلی محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی زیندانییە سیاسییەکانی کوردستان، دەڵێت: "هەموو هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی زیندانییانی سیاسی مووچەکانیان وەربگرن و سوودمەند بن لە ئیمتیازاتەکانیان. حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ یەکخستنی مووچەکان رازی بوونە و هیوادارین لە بودجەی 2027ـدا زیندانیانی سیاسی مووچەکانیان پێبدرێت."
هێشتا 17 هەزار دۆسییەی دیکەی زیندانییانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ماون و بەهۆی راگرتنی کارەکانی لیژنەی وردبینییەوە یەکلایی نەکراونەتەوە.
لە هەرێمی کوردستان تەنیا هەزار و 600 زیندانیی سیاسی مووچە وەردەگرن کە بڕەکەی 500 هەزار دینارە. هەوڵەکان بۆ ئەوەیە هاوشێوەی زیندانییانی سیاسی لە عێراق، مووچەی سەرجەم زیندانییانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بکرێتە ملیۆنێک و 200 هەزار دینار.

