رووداو دیجیتاڵ
دادگەی کەرکووک لەسەر بنچینەی دوو سکاڵای جیاواز، سزای 2 ملیۆن دینار پێبژاردنی بۆ محەممەد ئەمین، جووتیارە کوردەکەی گوندی شەناغە دەرکرد. گرتە ڤیدیۆییەکەی ئەو جووتیارە لە کاتی راکێشانی ملپێچەکەی لە لایەن سەربازێکی عێراقییەوە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، محەممەد ئەمین، جووتیاری کوردی خەڵکی گوندی شەناغەی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ لە دادگەی کەرکووک دوو دانیشتنی دادگاییکردنم هەبوو، لەسەر بنچینەی ئەو سکاڵایانەی لە لایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و ئەو سەربازەی (کەڕاڕ شاکر) کە هەوڵی خنکاندنمی دا".
محەممەد ئەمین وردەکاریی بڕیارەکانی دادگەی خستەڕوو و گوتی: "لە سکاڵای یەکەمدا کە سکاڵای سەربازەکە بوو، دادگە بە تاوانبار ناساندمی و سزای یەک ملیۆن دینار پێبژاردنی بەسەردا سەپاندم؛" ئاماژەی بەوەش کرد، لە سکاڵای دووەمدا کە لە لایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانەوە لەسەری تۆمارکرابوو، بە ملیۆنێکی دیکە پێبژاردن سزا درا.
ئەم جووتیارە کوردە لە مانگی ئاداری 2025دا، دوای ئەوەی خۆی و سەربازەکە سکاڵایان لەسەر یەکدی تۆمار کرد، بە کەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازاد کرابوو.
17ـی2ـی2025 لە کاتی کێشەی زەویوزار لە گوندی شەناغەی کەرکووک، ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە کە تێیدا سەربازێکی عێراقی بە تووندی ملپێچی محەممەد ئەمینی جووتیاری رادەکێشا و خەریک بوو بیخنکێنێت.
ریشەی ئەم کێشەیە بۆ ململانێی زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنووری کەرکووک دەگەڕێتەوە. هەرچەندە لە 21ـی کانوونی دووەمی 2025دا پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەویی بۆ خاوەنە رەسەنەکانی (کورد و تورکمان) پەسندکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکارەکانی جێبەجێکردنی دەستیان پێنەکردووە.
سوپای عێراق ئەم دواکەوتنەی کردووەتە پاساو بۆ رێگریکردن لە جووتیارانی کورد لە کێڵانی زەوییەکانیان.
ئەم دۆسیەیە پەیوەندیی بە زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەوییەوە هەیە کە لە سەردەمی رژێمی پێشوودا و بە بڕیاری "ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش" لە خاوەنە رەسەنەکانیان زەوت کرابوون.

