رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگای ئیلام دەڵێ، دوای دوو رۆژ گەڕان، تەرمی هاونیشتمانییەکیان دۆزیوەتەوە کە بەهۆی هەڵدێران لە بەرزایی و سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدابوو.
حەمزە محەممەدی موقەدەم، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، دوێنێ شەممە، 22-08-2026، تەرمی هاونیشتمانییەکی تەمەن 46 ساڵ لە ناوچەی (بەلیەین)ـی سەر بە ناوەندی پارێزگاکە دۆزراوەتەوە.
بەگوتەی حەمزە محەممەدی موقەدەم، ئەو هاونیشتمانییە لە بەیانیی رۆژی هەینییەوە بێسەروشوێن ببوو و تیمەکانیان لەو ماوەیەدا لە گەڕان بەردەوام بوون.
وەک بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگاکە دەڵێ، دوای دۆزینەوەی تەرمەکەی، دەرکەوتووە ئەو هاونیشتمانییە لە بەرزاییەوە هەڵدێراوە و دواتر بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەستداوە.
گوندی بەلیەین سەر بە ناوەندی پارێزگای ئیلامە کە لە ناوچەیەکی شاخاوی هەڵکەوتووە و بەگوێرەی ناوەندی ئاماری ئێران، ژمارەی دانیشتووانەکەی دەگاتە 150 کەس و هەموویان کوردن.



