رووداو دیجیتاڵ
خەڵکی زیاتر لە 50 گوندی دۆڵی شاورێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، بەدەست خراپیی هێڵەکانی پەیوەندییەوە دەناڵێنن و دەڵێن، ناچارن مۆبایلەکانیان لە دەرەوەی ماڵەکانیان دابنێن بۆ ئەوەی لە پەیوەندیکردن دانەبڕێن.
ئەرسەلان ئیسماعیل، دانیشتووی گوندی مێدێرێیە لە دۆڵی شاورێ و باس لەوە دەکات کە بەهۆی نەبوونی هێڵی پەیوەندییەوە، ژیانی رۆژانەیان سەخت بووە. ئەو دەڵێت: "ناچارین مۆبایلەکانمان لە دەرەوە دابنێین تاوەکو بتوانین پەیوەندی بکەین یان پەیوەندیمان پێوە بکرێت."
کێشەی نەبوونی هێڵی پەیوەندی تەنیا لە گوندێک و دووان نییە، بەڵکو زیاتر لە 50 گوندی دیکەی دۆڵی شاورێ هەمان کێشەیان هەیە و هیچ هێڵێکی پەیوەندیکردنیان نییە. دانیشتووانی ئەو گوندانە زۆربەیان خەریکی ئاژەڵداری و کشتوکاڵن و پەیوەندییەکان بۆ کارەکانیان گرنگن.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆستە و گەیاندنی راپەڕین دەڵێت، کۆمپانیاکانی بواری گەیاندن و ئینتەرنێتیان لە کێشەکە ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام کۆمپانیاکان بە بیانووی کەمیی بەشداربوو لەو گوندانە، کێشەکەیان چارەسەر نەکردووە.
ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆستە و گەیاندن لە ئیدارەی راپەڕین بە رووداوی گوت: "ئێمە بەردەوام لەگەڵ کۆمپانیاکان لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئەو گوندانە، بەڵام ئەوان دەڵێن ژمارەی دانیشتووانەکەی کەمە و لە رووی بازرگانییەوە بۆیان بە قازانج نییە."
دۆڵی شاورێ بەهۆی بوونی سەرچاوەی ئاو و کەشوهەوایەکی گونجاوەوە، ناوچەیەکی گەشتیاریی سەرنجڕاکێشە و زیاتر لە 100 شوێنی گەشتیاری هەیە کە لە چوار وەرزی ساڵدا گەشتیاران رووی تێدەکەن. خراپیی هێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر کەرتی گەشتیاریی ناوچەکەش هەبووە و بووەتە هۆی نیگەرانیی گەشتیاران.


