رووداو دیجیتاڵ
چوار مانگە دەرکردنی کوپۆنی وەرگرتنی بەنزین بۆ هاونیشتمانییان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان راگیراوە. بەڕێوەبەری دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووک دەڵێت: "لەمەودوا سیستەمەکە دەگۆڕێت، بۆیە راگیراوە."
عەلی رەبیع، بەڕێوەبەری لقی کەرکووکی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، رۆژی شەممە، 22ـی ئابی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "سیستمی کوپۆنی کاغەز بۆ وەرگرتنی بەنزین کۆتاییهاتووە، چونکە سیستمەکە دەگۆڕێت. رێکارە کۆنەکان ئاڵۆز بوون و چاپکردنی کوپۆن لە بەغدا کاتی زۆری دەویست تاوەکو دەگەڕایەوە کەرکووک."
بە گوتەی عەلی رەبیع، بەپێی بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، سیستمێکی نوێ بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق جێبەجێدەکرێت، کە تێیدا ستیکەرێکی تایبەت لەسەر جامی ئۆتۆمبێلەکان دەدرێت، هاوشێوەی ستیکەری پشکنینی تووندوتۆڵی ئۆتۆمبێلە، ئەم رێکارە تەنیا یەک رۆژی دەوێت و کارئاسانیی زۆر بۆ هاووڵاتییان دەکات.
کێ دەتوانێت بەنزین وەربگرێت؟
بەڕێوەبەری لقی کەرکووکی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، هەر هاووڵاتییەک خەڵکی کەرکووک بێت و کۆبۆنی خۆراکی شارەکەی هەبێت، دەتوانێت مامەڵە بۆ وەرگرتنی ستیکەری بەنزین بکات. بۆ ئەم مەبەستەش 15 لیژنەی هاوبەش لە وێستگەکاندا جێگیردەکرێن، کە نوێنەری پشکنین، کۆمپانیای نەوت و کۆمپانیای "کی کارت"ـیان تێدایە بۆ رێگریی لە هەر جۆرە ساختەکارییەک لە پرۆسەکەدا.
ئێستا پشکی بەنزینی کەرکووک رۆژانە ملیۆنێک و 920 هەزار لیترە. بەپێی سیستەمەکە، هەر هاووڵاتییەک پێنج رۆژ جارێک مافی وەرگرتنی 50 لیتر بەنزینی هەیە بەم نرخە پاڵپشتیکراوانە:
بەنزینی نۆرماڵ: 450 دینار بۆ هەر لیترێک.
بەنزینی موحەسەن: 850 دینار بۆ هەر لیترێک.
بەنزینی سوپەر: 1250 دینار بۆ هەر لیترێک.
لە سیستەمی پێشوودا کوپۆنی وەرگرتنی پشکی بەنزین تەنیا بۆ هاونیشتمانییانی سنووری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام بەپێی سیستەمی نوێی کوپۆنی وەرگرتنی بەنزین هەموو پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)


