رووداو دیجیتاڵ
بەپێی نوێترین ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی توێژینەوەی ئابووریی ئێران، پارێزگای سنە، بەرزترین رێژەی جیابوونەوەی هاوژینانی لەسەر ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کردووە و پارێزگای ئیلامیش کەمترین.
بەگوێرەی داتاکانی تۆماری باری شارستانی، هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە پێنج پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
سنە؛ بەرزترین رێژەی جیابوونەوە لەسەر ئاستی ئێران
پارێزگای سنە بە تۆمارکردنی رێژەی 2.8 جیابوونەوە بۆ هەر هەزار کەسێک، یەکێکە لەو پارێزگایانەی کە بەرزترین رێژەی جیابوونەوەی لەسەر ئاستی ئێران تۆمار کردووە؛ ئەمە لەکاتێکدا یە تێکڕای رێژەی جیابوونەوە لە ئێران 2.1ـە بۆ هەر هەزار کەس.
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی چاودێریی دانیشتووانی فەرمانگەی گشتیی تۆماری باری شارستانیی پارێزگای سنە، پار چوار هەزار و 781 جیابوونەوە تۆمار کراوە، کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشتر، 22.5٪ کەمی کردووە.
بەرپرسان هۆشداری دەدەن کە هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئەم رێژەیە، دابەزینی رێژەی لەدایکبوون و زیادبوونی ژمارەی ژنانی سەرپەرشتیاری خێزان زیادی کردووە.
ورمێ؛ رۆژانە 22 هاوژین جیا دەبنەوە
لە پارێزگای ورمێ، ئامارەکان لە سێ ساڵی رابردوو دا بە پێچەوانەی ساڵانی پێشتر روویان لە دابەزین کردووە. سەعید ئەحمەدی، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری باری شارستانیی پارێزگاکە رایگەیاندووە: "لە ساڵی 2024دا رێژەی جیابوونەوە 2.2% بەراورد بە ساڵی پێشتر کەمی کردووە و 8 هەزار و 126 جیابوونەوە تۆمار کراوە، لە کاتێکدا ئەم رێژەیە ساڵی پێش ئەوە، 8 هەزار و 308 جیابوونەوە بووە."
بەپێی ئەم ئامارە، رۆژانە بە تێکڕا نزیکەی 22 جیابوونەوە لە ورمێ تۆمار دەکرێت.
کرماشان؛ جیابوونەوە و هاوسەرگیری کەمیان کردووە
مەنسوور عەزیزی، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری باری شارستانیی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە ماوەی سێ مانگی ئەمساڵ دا (21-03-2026 تاوەکو 22-06-2026 ) لەدایکبوون، مردن، هاوسەرگیری و جیابوونەوە کەمی کردووە.
لەو ماوەیە دا 3 هەزار و 119 هاوسەرگیری تۆمار کراوە کە بەراورد بە هەمان ماوەی پار 5.8% کەمی کردووە؛ هەروەها 984 جیابوونەوە تۆمار کراوە کە بەراورد بە هەمان ماوەی پار، دابەزینی 8.7%ـی بەخۆوە بینیوە. ئەمە بە واتای ئەوەیە لە هەر سێ هاوسەرگیری یەکێکیان جیا دەبنەوە و کە ئەم رێژەیەش لە تێکڕای گشتیی وڵات (37.8%) کەمترە.
ئیلام؛ 30%ـی هاوسەرگیرییەکان بە جیابوونەوە کۆتاییان دێت
ئەفشین کەریمی، جێگری پارێزگاری ئیلام بۆ کاروباری بەڕێوەبردن و سەرچاوە مرۆییەکان دەڵێت: "زیاتر لە 50%ی هاوسەرگیرییەکان لە ئێران و 30% لە پارێزگای ئیلام بە جیابوونەوە کۆتاییان دێت."
سەرەڕای بەرزبوونەوەی رێژەی جیابوونەوە لە وڵات دا، پارێزگای ئیلام هێشتا لە ریزی ئەو پارێزگایانە دایە کە رێژەی جیابوونەوەیان لە تێکڕای گشتیی وڵات کەمترە.
بەڵام بەرپرسان زیادبوونی جیابوونەوە بە زەنگێکی مەترسیدار دەزانن لەسەر خێزان، کە بووەتە هۆی زیادبوونی دۆسیە دادوەرییەکان و منداڵانی بێسەرپەرشت.
لوڕستان؛ 10 ساڵە جیابوونەوە لە هەڵکشان دایە
بەپێی دوایین ئامارەکان، رێژەی جیابوونەوە لە پارێزگای لوڕستان 2 کەسە بۆ هەر هەزار کەسێک.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری کۆمەڵایەتی و کولتووری لە پارێزگای لوڕستان رایگەیاندووە، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو دا جیابوونەوە بەردەوام رووی لە زیادبوون بووە.
هەروەها تێکڕای تەمەنی ئەو کەسانەی لە پارێزگاکە دا لە یەکدی جیا دەبنەوە، بۆ پیاوان 38.6 ساڵ و بۆ ژنان 33.5 ساڵە.



