رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا، منداڵانی گوندەکانی دەوروبەری دەریاچەی وان لە باکووری کوردستان، شێوەیان دەگۆڕێت؛ ئەوانەی بە قژی رەشەوە دەچنە ناو ئاوەکە، دوای مانگێک بە قژێکی زەردی "سروشتییەوە" دەگەڕێنەوە، ئەمەش بەهۆی پێکهاتەی کیمیایی ئاوی دەریاچەکە و تیشکی خۆرەوەیە.
دەریاچەی وان کە گەورەترین دەریاچەی سۆدیۆمییە لە جیهاندا، بووەتە هۆی دروستبوونی دیاردەیەکی دەگمەن. ئەو منداڵانەی رۆژانە لە دەریاچەکەدا مەلە دەکەن، رەنگی قژیان لە رەش و قاوەییەوە دەگۆڕێت بۆ زەردی کاڵ.
"مامۆستاکانمان وادەزانن قژمان بۆیە کردووە"
میران چیکلا، منداڵێکی نیشتەجێی گەڕەکی یایلی یەکایە لە ناوچەی توشبا، یەکێکە لەو منداڵانەی قژی بەتەواوی زەرد بووە و دەڵێت: "ئێمە هەموو رۆژێک لێرە مەلە دەکەین. زۆرم حەز لێیە کە قژم رەنگی دەگۆڕێت."
فورکان چیکلا، هاوڕێی میرانە و چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی هەیە لە قوتابخانە، ئەو دەڵێت: "بەهۆی مادەکانی ناو ئاوەکەوە قژمان زەرد دەبێت، بەڵام کاتێک وەرزی زستان دێت و قژمان دەبڕین، دووبارە رەنگی رەش دەبێتەوە. هەندێکجار مامۆستاکانمان لە قوتابخانە دەڵێن قژتان بۆیە کردووە، بەڵام ئێمە بۆیان روون دەکەینەوە کە ئەمە کاریگەریی ئاوی دەریاچەکەیە."
ئاوی دەریاچەی وان دەوڵەمەندە بە سۆدیۆم و خوێیە ئەڵکالییەکان. کاتێک منداڵەکان مەلە دەکەن و پاشان لەژێر تیشکی بەهێزی خۆری هاویندا دەمێننەوە، ئەو پێکهاتە کیمیاییانە لەگەڵ تیشکی سەروو بنەوشەیی کارلێک دەکەن و دەبنە هۆی شیبوونەوەی مادەی (میلانین) لە قژدا، ئەمەش رەنگی قژەکە کاڵ دەکاتەوە.
ئەرجان گوڤەن، کە خاوەنکارێکی ناوچەکەیە، تێبینییەکی جیاوازی هەیە و دەڵێت: "ئەو منداڵانەی دوای مەلەکردن راستەوخۆ قژیان بە ئاوی ئاسایی دەشۆن، رەنگی قژیان زۆر ناگۆڕێت، بەڵام ئەوانەی نایشۆن و ئاوەکە بە قژیانەوە وشک دەبێتەوە، لە ماوەی مانگێکدا قژیان بەتەواوی زەرد دەبێت."
ئەم دیاردەیە لای خەڵکی ناوچەکە بووەتە نەریتێکی وەرزی؛ ئەحمەد چیکلا کە ماسیگرێکی دێرینە، بە پێکەنینەوە دەڵێت: "ئەمە دیاردەیەکی کۆنە و ئێمەش پێی گەورە بووین، هەندێکجار منداڵێک لە هاویندا دەبینیت و دەیناسیتەوە، بەڵام لە زستاندا کە قژی رەش دەبێتەوە، رەنگە بڵێیت ئەمە ئەو منداڵە نییە."
رووبەری دەریاچەی وان 3,713 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و 1,646 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە. قووڵییەکەشی دەگاتە 471 مەتر. بەهۆی زۆریی خوێ و سۆدیۆم، لە زستاندا نایبەستێت.



