رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە گەڕەکی خەزرای شاری کەرکووک، منداڵێکی تەمەن یەک مانگ لە بەردەم مزگەوتێک دۆزرایەوە. ئەمە چوارەم دۆخی لەو شێوەیەیە ئەم ساڵ لەو شارە تۆمار دەکرێ.
سامان یابە، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک، رۆژی شەممە، 22ـی ئابی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ منداڵێک لە بەردەم مزگەوتی (سەرمەدی) گەڕەکی خەزرا لە لایەن پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتەکەوە دۆزرایەوە. دواتر رادەستی بنکەی پۆلیسی تسعین کرا و لەوێشەوە گەیێندرایە نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکووک."
گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، منداڵەکە کوڕە و تەمەنی نزیکەی مانگێک دەبێت؛ گوتیشی: "لە کاتی گەیشتنی بە نەخۆشخانە دۆخی تەندروستیی باش نەبوو، بەڵام دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست، ئێستا تەندروستیی جێگیرە و باشە."
بەپێی ئامارەکان، ئەمە چوارەم دۆزینەوەی منداڵە ئەم ساڵ لە کەرکووک تۆماربکرێ؛ ساڵی رابردوو 8 منداڵ دۆزرابوونەوە.
سەبارەت بە چارەنووسی ئەم منداڵانە، سامان یابە روونیکردەوە کە پرۆسەکە پەیوەستە بە دادگەوە و گوتی: "هەر خێزانێک کە منداڵی نەبێت، دەتوانێ بەپێی رێکار و مەرجە یاساییەکان لە دادگە داواکاری پێشکێش بۆ بەخێوکردنی ئەو منداڵانە بکات."
رووداو زانیویەتی کە یەکێک لەو چوار منداڵەی ئەم ساڵ دۆزرایەوە، هەفتەی رابردوو لە لایەن خێزانێکەوە بە رەزامەندیی دادگە وەرگیراوە و بەخێو دەکرێ.
یاسا رێگەی داوە بەو خێزانانەی بێ منداڵن، لە ژێر چاودێریی دادگەدا ئەم منداڵانە بگرنە خۆیان و وەک منداڵی خۆیان بەخێویان بکەن، بە مەرجێک هەموو پێداویستییەکانی ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکەن.



