رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، بووەتە پارێزگار "بۆ خزمەتکردنی کورد و عەرەب و تورکمان و کریستیانەکان. هەرکات ئەرکەکانمان تەواو بوو، بە دیموکراسییانە و بە ئاسانی پۆستەکە رادەست دەکەین".
ئەمڕۆ هەینی 21ی ئابی 2026، محەممەد سەمعان ئاغا، پارێزگاری کەرکووک لە (کۆڕبەندی هەشتەمی دیالۆگی بەغدا) بەشداری کرد.
لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا شکۆ عومەر، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا پرسیارێکی لە پارێزگاری کەرکووک کرد.
رووداو: لە پەرلەمانی عێراق هەوڵێک هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان. ئەگەر یاسایەک لەو بارەیەوە پەسند بکرێ، ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار چۆن دەکرێ؟
محەممەد سەمعان: من لێدوان لەسەر ئەم پرسیارە نادەم، نەوەک لەبەر ئەوەی لێی رادەکەم، من وەک پارێزگار، لەوانەیە برایانمان لە ئەنجوومەنی پارێزگا بە هەڵە لێی تێبگەن، بەڵام من دەڵێم ئێمە بەگوێرەی رێککەوتنێکی سیاسی ئەو پۆستەمان وەرگرت. کورد ماوەی خۆی تەواوکرد کە لە 2003ـەوە بۆ 2017 بوو، دوای ئەویش عەرەب پۆستەکەی وەرگرت. هەروەها بەر لەوەی من پۆستەکە وەربگرم بە دەست کوردەوە بوو. پێموایە دواجار پرسەکە دیموکراسییە و رێگری لە رادەستکردنی ئەو پۆستە ناکەین. ئێمە هاتووین بۆ خزمەتکردنی کورد و عەرەب و تورکمان و کریستیانەکان، هەرکات ئەرکەکانمان تەواو بوو، بە دیموکراسییانە و بە ئاسانی رادەستی دەکەین.
"ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکان لە کەرکووک"
پارێزگاری کەرکووک لە گوتارێکدا لە کۆڕبەندەکەدا رایگەیاند، رێککەوتنی پێکهاتەکان (کورد، عەرەب و تورکمان) بۆ ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی پارێزگار هەنگاوێکی ئەرێنییە و رایگەیاند: "پێش ماوەیەکی کەم پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی پارێزگار دەستیپێکرد و ئێمە سێ مانگە دەستبەکاربووین. ئەمە دەستپێشخەرییەکی نیشتمانی سەرکەوتووە و دەکرێ پەرلەمانی عێراق دەقێکی یاسایی بۆ دابڕێژێ تاوەکو لە پارێزگاکانی دیکەش جێبەجێ بکرێ."
محەممەد سەمعان باسی لە مێژووی پێکهاتەی تورکمان کرد و گوتی: "دوای 102 ساڵ گەیشتمە پۆستی پارێزگار، دوایین پارێزگاری تورکمان فەتاح پاشا بوو لە ساڵی 1924. لە سەردەمی پاشایەتییەوە تاوەکو دوای 2003، تورکمان رووبەڕووی زنجیرەیەک پەراوێزخستن بووەوە."
پارێزگاری کەرکووک باسی لەوەش کرد، تورکمانەکان پەیوەندییەکی نەتەوەیی و مێژوویی قووڵیان لەگەڵ تورکیا، ئازەربایجان، کازاخستان و وڵاتانی دیکەی تورکزمان هەیە و دەکرێ عێراق ئەم پەیوەندییانە بۆ بەرژەوەندیی ئابووریی خۆی بەکاربهێنێت.
نێوەندگیری لە کێشەکانی وزە لەگەڵ ئەنقەرە
پارێزگاری کەرکووک باسی لەوە کرد کە رۆڵی هەبووە لە نزیککردنەوەی دیدگەی بەرپرسانی عێراق و تورکیا سەبارەت بە کێشە تەکنیکییەکانی هەناردەکردنی نەوت و گواستنەوە.
محەممەد سەمعان ئاغا گوتیشی: "دوای گەڕانەوەی شاندە وەزارییەکەی عێراق لە ئەنقەرە، من بە رەزامەندی سەرۆکوەزیران مامەوە و لەگەڵ ئالبئارسلان بایرەکدار، وەزیری وزەی تورکیا کۆبوومەوە. توانیمان بگەینە خاڵێکی هاوبەش کە لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستان بێت، بەتایبەت لە دۆسیەی داوەریی نێودەوڵەتی و کڕینی نەوت بەبێ گەڕانەوە بۆ سۆمۆ."
سەبارەت بە داهاتووی نەوتی کەرکووک، پارێزگاری پارێزگاکەی باشووری کوردستان رایگەیاند، کار لەگەڵ کۆمپانیای بی پی دەکەن بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکان بە ئامانجی زیادکردنی هەناردەی نەوت لە 750 هەزار بەرمیلەوە بۆ زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل لە رۆژێکدا.
هەروەها گوتی: "رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، جێگری وەزیری وزەی تورکیا سەردانی کەرکووک دەکات و بەسەر کۆمپانیاکانی نەوت و گازی باکووردا دەگەڕێ بۆ نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکان."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، محەممەد سەمعان ئاغا ئاماژەی بە هێڵی نەوتی کەرکووک - بانیاس لە سووریا کرد و گوتی: "لە لایەنی سووریاوە زیاتر لە 120 کیلۆمەتر بۆری نەماوە، بەڵام کۆمپانیایەکی تورکیا گرێبەستی لەگەڵ سووریا کردووە و دەستی بە نۆژەنکردنەوەی کردووە."

