رووداو دیجیتاڵ
لەسەر داوای بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراوی فەرمی حیزبەکەی ئاگادار کردووەتەوە، 5ـی مانگی داهاتوو دەتوانن کۆنگرە بکەن و رێکخەری نوێ هەڵبژێرنەوە. بەرپرسێکی گۆڕان کە لە گردی زەرگەتەن دەڵێ، ئەوان نووسراوە نوێیەکەش بە "نایاسایی" دەزانن.
نووسراوەکەی کۆمیسیۆن لە 18-08-2026 دەرچووە و تێیدا هاتووە، نووسراوەکەیان وەڵامە بۆ نووسراوێکی بزووتنەوەی گۆڕان، کە 15ی ئاب ئاراستەی کۆمیسیۆن کراوە و تایبەتە بە بەستنی کۆنگرەی نائاسایی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی رێکخەری گشتیی حیزب لە 05-09-2026 لە هۆڵی گشتیی حیزب لە گەڕەکی کوردسات لە شاری سلێمانی.
کۆمیسیۆن لە نووسراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوان رەزامەندییان بۆ کات و شوێنی کۆنگرەیە دەربڕیوە. راشیگەیاندووە: "سەبارەت بە زیادکردنی ناوی دانا ئەحمەد مەجید، بۆ ئەندامێتیی دەستەی گشتیی حیزبە سیاسییەکە، هیچ رێگرییەک نییە لە زیادکردنی بۆ سەر حیزبەکە، بەڵام دوای دەنگدان لەسەری لەلایەن ئەندامانی ئامادەبووی کۆنگرە."
رێبەند ئەحمەد، سەرپەرشتیاری بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵەبجە، ئەمڕۆ 20ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نووسراوەکە لەسەر داوای ئێمە خۆمان بووە کە کۆنگرەکە لە بارەگای سەرەکی گەڕەکی کوردسات بەڕێوەبچێ، بەشدارانیش نابێ لە 251 کەس کەمتر بن".
رۆژی 16-02-2026، لە شاری کەرکووک کۆنفرانسی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچوو، تێیدا رێکخەری گشتی و 55 ئەندامی جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردران. رێبەند ئەحمەد گوتی: "کۆنگرە نوێیەکە لەسەر داوای ئەو 55 ئەندامە بەڕێوەدەچێ، واتا کۆمیسیۆن کۆنگرە و دەستوور و سەرکردایەتی نوێی پەسند کردووە".
بۆچی دووبارە کۆنگرە دەکەن؟
کۆنگرەکەی شوباتی ئەم ساڵی بزووتنەوەی گۆڕان ناڕەزایی ئاراستەی گردەکەی بزووتنەوەکەی لێکەوتەوە و دانیان بە ئەنجامەکەیدا نەنا. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو ئاراستەیەی بزووتنەوەی گۆڕان کە ئێستاش خۆیان بە خاوەنی حیزبەکە دەزانن، تانەی ئەوەیان لە ئەنجامەکە داوە، کە دانا ئەحمەد مەجید نەدەبوو بە رێکخەر هەڵبژێردرێت، چونکە ناوی لە دەستەی گەشتیی نەبووە.
بزووتنەوەی گۆڕان بە کۆنگرەی نوێ، دەیانەوێ پاساوەکە لاببەن و دانا ئەحمەد مەجید بە رێکخەری گشتیی هەڵبژێرنەوە، بەتایبەت دوای نووسراوەکەی 18ـی ئابی کۆمیسیۆن، کە رەزامەندی داوە دانا ئەحمەد مەجید بە ئەندامی دەستەی گشتیی لە کۆنگرەکەدا هەڵبژێردرێت.
بەگوێرەی رێنماییەکەی کۆمیسیۆن، ئەگەر لە کۆنگرەکەی گەڕەکی کوردساتدا، دانا ئەحمەد مەجید بە ئەندامی دەستەی گشتیی هەڵبژێردرێت، ئەوە لە هەمان رۆژ بە دەنگی زۆرینە بە رێکخەری گشتیی هەڵیدەبژرێن.
بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆنگرەکەی 5ـی مانگی داهاتوو تەنیا دانا ئەحمەد مەجید هەڵدەبژێردرێت و سەرکردایەتی هەڵنابژێردرێت، چونکە ئەم سەرکردایەتییە خۆی داوای کۆنگرەی کردووە و لای کۆمیسیۆن پەسندن، تەنیا بۆ ئەوەیە بەرگێکی تەواو یاسایی بۆ رێکخەری گشتیی هەبێت".
پێش کۆنگرەکەی شوباتی ئەم ساڵ، کێشەی نێوان دوو ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان هەبوو، بەڵام لە 16ـی شوبات پێکەوە چوونە هۆڵی کۆنگرە و لە ئەنجامدا لایەکیان ئەنجامەکانی بەدڵ بوو و لایەکی دیکە رەتیکردەوە، کە بە ئاراستەی گردی زەرگەتە دەناسرێن.
ئەو ئاراستەیەی کۆنگرەکەی شوبات و هەڵبژاردنی دانا ئەحمەد مەجیدیان رەتکردەوە، ئێستاش ئەو نووسراوەی کۆمیسیۆن بە "نایاسایی" دەزانن.
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان (پێش کۆنگرەی شوباتی 2026)، ئەمڕۆ 20ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە نووسراوەکە بە نایاسایی دەزانین، هێشتاش پلەی کۆتایی کۆمیسیۆنی وەرنەگرتووە، ئەگەر ئەوان پەسەندی بکەن و بە یاسایی بزانن، ئەوکاتە ئێمەش هەڵوێستی خۆمان دەبێت".
رۆژی 24-05-2025، بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسێکی هاوبەشی لە شاری سلێمانی کرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکی هەردوو ئاراستەکەوە بێ ئەنجام کۆتایی هات و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پەسندی نەکرد.
لە 05-04-2025 ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە کۆنفرانسی گشتی کرد؛ ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەکە 26ـی نیسانی هەمان ساڵ کۆنفرانسی کرد، بەڵام هیچیان بۆ خاوەنداریکردن لە حیزبەکە. نەیانتوانی رەزامەندی کۆمیسیۆن بە دەست بهێنن.



