رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی نوێترین ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناویان لە تۆماری بایۆمەتریدا تۆمار کردووە، گەیشتە 3 ملیۆن و 93 هەزار و 934 کەس.
ئەحمەد مازن یوسف، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییە جەماوەرییەکانی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی ئابی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 20ـی نیسانی ئەمساڵەوە، پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکردووە، تائێستا بەردەوامە، هیچ وادەیەکیش بۆ داخستنی دیاری نەکراوە.
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن، ئاماژەی بەوە کرد پرۆسەکە، نوێکردنەوە، تۆمارکردنی نوێ، راستکردنەوە، سڕینەوەی ناوی کۆچکردووان، گواستنەوە و گۆڕینی شوێن لەنێو یەک پارێزگا دەگرێتەوە، بەڵام گواستنەوە لەنێوان پارێزگاکان نەکراوەتەوە و نییە.
بەپێی ئەو داتایانەی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی ئابی 2026 لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاوکراونەتەوە، پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و وەرگرتنی پەنجەمۆر لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوامە و ئامارەکان بەم شێوەیەن:
سلێمانی
لە پارێزگای سلێمانی کۆی گشتیی دەنگدەران 1,571,719 کەسە، لەو ژمارەیەش تائێستا 1,210,340 کەسیان ناوی خۆیان لە بایۆمەتری تۆمار کردووە. تەنیا لەم دواییانەدا 42,096 نوێکردنەوەی تۆمار هەبووە.
هەولێر
کۆی گشتیی دەنگدەران لە پارێزگای هەولێر گەیشتووەتە 1,453,710 کەس، لەو ژمارەیەش 1,095,519 دەنگدەر بایۆمەترییان کردووە. هەروەها 45,027 کەس تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە.
دهۆک
کۆی گشتیی دەنگدەران لە دهۆک 968,221 کەسە، کە 788,075 کەسیان تۆماری بایۆمەترییان بۆ کراوە. لە پرۆسەی نوێکردنەوەی ئەم دواییانەشدا 25,439 کەس سەردانی بنکەکانی کۆمیسیۆنیان کردووە.
کەرکووک
لە پارێزگای کەرکووک، ژمارەی دەنگدەران 1,277,113 کەسە، لەو ژمارەیە 961,294 کەسیان خاوەنی تۆماری بایۆمەتریین. ئامارەکان نیشانی دەدەن کە 6,255 نوێکردنەوەی تۆمار لەو پارێزگایە تۆمار کراوە.
ئامارە گشتییەکانی عێراق:
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە کە لەسەرانسەری عێراقدا 30,376,415 دەنگدەر هەن، لەو ژمارەیەش تائێستا 21,506,612 کەس کارتی بایۆمەترییان بۆ دروستکراوە.
هەر بەپێی ئامارەکان، تەنیا لەم دواییانەدا لەسەرانسەری عێراق 195,513 کەس سەردانی بنکەکانی کۆمیسیۆنیان کردووە بۆ مەبەستی جۆراوجۆری وەک (تۆماری یەکەمجار، راستکردنەوەی زانیاری، گۆڕینی شوێن و سڕینەوەی ناوی کۆچکردووان).


