رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە زیندانی ناوەندیی ئیلام، سزای سێدارە بەسەر کچێکی تەمەن 20 ساڵدا جێبەجێ کرا کە دوو ساڵ بەر لە ئێستا و لە تەمەنی 18 ساڵیدا بە تۆمەتی کوشتنی ئامۆزاکەی دەستبەسەر کرابوو.
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانی دونیا محەممەدی، خەڵکی شاری ئیوان لە پارێزگای ئیلام جێبەجێ کرا.
بەگوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دونیا محەممەدی کە تەمەنی 20 ساڵ بووە، بە تۆمەتی کوشتنی ئامۆزایەکی خۆی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو.
بەگوێرەی زانیارییەکان دوو ساڵ بەر لە ئێستا، ئامۆزایەکی دونیا چووەتە خوازبێنیی دونیا، بەڵام رازی نەبووە شووی پێ بکات، جگە لەوەش بە حەبی برنج ژەهراوی کردووە، بەو هۆیەوە ئامۆزاکەی گیانی لەدەستداوە.
دونیا محەممەدی دوو ساڵ پێش ئێستا لە تەمەنی 18 ساڵیدا بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەستی ئامۆزاکەی دەستبەسەر کرا و لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گرتووخانەی ناوەندیی ئیلام سزاکەی جێبەجێ کرا.




