رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دۆسیەی فەرمانبەرانی رێکخراوەکانی یەکلاکردەوە و بڕیاری دا وەک میلاکی هەمیشەیی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و تەواوی مافەکانی راژە و خانەنشینییان پێ بدرێت.
بەپێی گشتاندنێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، کە رۆژی 19ـی ئابی 2026 بە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی بڵاوکراوەتەوە، دۆسیەی فەرمانبەرانی رێکخراوەکان (رێکخراوە هەڵوەشاوەکان) بە یەکجاری یەکلایی کرایەوە.
لە گشتاندنەکەدا سێ بڕیار لەبارەی ئەو فەرمانبەرانەوە دراون:
یەکەم: ئەو فەرمانبەرانەی ناویان لە لیستی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2025ـدا لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ جێگیربووە، بە هەمان پلە، ناونیشانی وەزیفی، مووچە و دەرماڵەی ئێستایانەوە بەردەوام دەبن.
دووەم: لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیدا، پلە و ناونیشانی وەزیفی و مووچەی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان رێکدەخرێتەوە و هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکەی راژەی شارستانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
سێیەم: ماوەی خزمەتی ئەو فەرمانبەرانە لە رێکخراوەکاندا، وەک خزمەتی خانەنشینی هەژمار دەکرێت. ئەمەش لەو رۆژەوەی کە دەستیان بە وەرگرتنی مووچە کردووە و لێبڕینی خانەنشینییان لێوەرگیراوە، بە مەرجێک گەیشتبنە تەمەنی یاسایی بۆ خانەنشینبوون.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی دوای ئەوە دێت کە پێشتر لە رۆژی 17ـی ئابی 2026، سکرتارییەتی ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە 9900 رەزامەندی لەسەر رێکخستنی دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانە دەربڕیبوو، بەمەش کۆتایی بە کێشەی کارگێڕی و دارایی چەندین ساڵەی فەرمانبەرانی رێکخراوەکان هات.
ئەو فەرمانبەرانە کە پێشتر لە رێکخراوە جەماوەرییەکانی پارتی و یەکێتی کاریان دەکرد، لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خرانە سەر میلاکی وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت و وەکو کارمەندی حکومی مامەڵەیان لەگەڵدا کرا.




