رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆڕەک تێلیکۆم رایگەیاند، ئەو بڕیارەی عێراق دژی کۆمپانیاکەیان دەریکردووە "نایاسایی و شەخسییە" و دەڵێت، لە سێ دادگا رێکاری یاساییان گرتووەتەبەر.
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، سیروان بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆڕەک تیلیکۆم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بڕیارەی کە عێراق دژی کۆڕەک تێلیکۆم دەریکردووە، بڕیارێکی نایاساییە و بەبێ سیستەم کار کراوە. هیچ بەرپرس و لایەنێک ناتوانێت لەخۆیەوە بڕیاری ئەوها دەربکات، ئەم بڕیارە کەسییە."
سیروان بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، وەک کۆمپانیاکەیان پەنایان بۆ یاسا بردووە و گوتی: "ئێمە لە سێ دادگای عێراق رێکاری یاساییمان گرتووەتەبەر؛ ئەگەر ئەوانیش پێگیری یاساکان نەبن و یاسا لە عێراق سەروەر نەبێت، ئەوە عێراق دەبێتە یاسای جەنگەڵ و ئێمەش کاردانەوەی دیکەمان دەبێت."
رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق گشتاندنێکی بۆ بەکارهێنەرانی سیمکارتی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بڵاوکردەوە.
لەو گشتاندنەدا دەستەکە داوای لە بەکارهێنەرانی کۆڕەک کردووە، بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی دەستگەیشتنیان بە ئەپڵیکەیشن و هەژمارە ئەلیکترۆنییەکانیان، رێکاری خۆپارێزی بگرنەبەر و ژمارەی مۆبایلی کۆمپانیایەکی دیکە لەگەڵ سیمکارتی کۆڕەک بەکاربهێنن بۆ وەرگرتنی کۆدی دڵنیابوونەوە (Verification Code).
سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆڕەک تیلیکۆم دەڵێت، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بەپێی یاسا توانای دەرکردنی بڕیارێکی وەهای نییە و "دەبێت یاسا جێبەجێ بکرێت."
پێشتر لە 9ـی ئابی 2026، کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم رایگەیاند، بەگوێرەی راسپاردەی لیژنەیەکی حکومی کە سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە ساڵی 2025 رەزامەندی لەسەر داوە، تاوەکو پاکتاوکردن لەنێوانیان بکرێت و لە بەرامبەردا گرێبەستی کارکردن بە خزمەتگوزاریی نەوەی چوارەمیان پێ بدرێت، بەڵام تاوەکو 2ـی حوزەیرانی ئەمساڵ چەند نووسراوێک لەنێوانیان ئاڵوگۆڕکراوە بەبێ ئەوەی بەربەستەکانی بەردەم واژۆکردنی گرێبەستی کارپێکردن بە خزمەتگوزارییەکە چارەسەر بکرێن و بەهۆیەوە دەستەکە گرێبەستی پاکتاوکردنەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە.
کۆڕەک تیلیکۆم رایگەیاندبووی، سەرۆکی جێبەجێکاری ئەو دەستەیە دەسەڵاتی ئەوەی نییە گرێبەستی پاکتاوکردنەکە هەڵبوەشێنێتەوە، کە لەلایەن دەسەڵاتی باڵاترەوە بڕیاری لەسەر دراوە.
کۆمپانیاکە داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد دەستوەردان بکات و ماف بۆ کۆمپانیاکەیان بگێڕێتەوە و بەردەوامیش دەبن لە بەرگریکردن لە مافەکانیان.



