رووداو دیجیتاڵ
دوای ئاگرە گەورەکەی ناوچەی پیشەسازیی تانجەڕۆ لە سلێمانی، کە کەمتەرخەمیی لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی سەلامەتی لە کۆگاکانی سووتەمەنیدا دەرخست، لایەنە پەیوەندیدارەکان بڕیاریاندا لە ماوەی سێ ساڵدا سەرجەم کۆگا و پاڵاوگەکانی ئەو سنوورە بگوازنەوە.
ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی، بە رووداوی راگەیاند، زۆربەی کۆگاکان پابەندی مەرجەکانی سەلامەتی نین و گوتی: "نابێت تانکییەکان بەیەکەوە لکابن و دیواریان لەنێواندا نەبێت، ئەمە نایاساییە. لیژنەکانمان چاودێریی زیاتر دەکەن و کار بۆ گواستنەوەیان دەکرێت."
بڕیارە لە ماوەی سێ ساڵدا، کۆگا و گۆڕەپانەکانی سووتەمەنیی سلێمانی بۆ کۆمەڵگەیەکی مۆدێرنی تایبەت لە ناوچەی دەمرکان لەسەر رێگەی عەربەت بگوازرێنەوە.
فازیل عومەر، قایمقامی سلێمانی، گوتی: "هیچ پاڵاوگە و گۆڕەپانێکی سووتەمەنی لە سنوورەکەدا نامێنێت و هەمووی دەگوازرێتەوە بۆ ناوچەیەکی مۆدێرن."
هاوکات، ئاگرەکە زیانێکی زۆری ژینگەییشی بەجێهێشتووە. شایی ئاوات، بەڕێوەبەری ژینگەی سلێمانی، بە رووداوی گوت: "زیانە ژینگەییەکانی ئەم سووتانانە وا بە ئاسانی کەم نابنەوە." ئەو داوای لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە هەردوو کەرتی حکومی و تایبەت ناچار بکات پێداچوونەوە بە سیستمی سەلامەتیدا بکەن.


