رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیایەکی جێبەجێکار لە کەرکووک، دوای تەواوکردنی پرۆژەیەکی ستراتیژیی رێگەوبان، رێگەکەی بە رووی هاتووچۆدا داخست و رایدەگەیێنێت، پرۆژەکەیان بە پارەی خۆیان تەواو کردووە و تاوەکو شایستە داراییەکانیان وەرنەگرن، رێگەکە ناکەنەوە.
کۆمپانیای "سامی نێودەوڵەتی"، رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، بە رووداوی راگەیاند، پرۆژەی دروستکردنی رێگەی دەروازەی کەرکووک - فەتحە کە کەرکووک بە تکریت و بێجی دەبەستێتەوە، لە رێککەوتی 10ـی حوزەیرانی 2026 تەواو بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت 60%ـی تێچووی پرۆژەکەی پێنەداون.
بەگوێرەی نووسراوی بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانەکانی کەرکووک کە وێنەیەکی دەست رووداو کەوتووە، ئاراستەی بەشی پلاندانان، ژمێریاری، کارگێڕیی و دارایی دیوانی پارێزگای کەرکووک کراوە، تێیدا هاتووە پرۆژەی دەروازەی دووەمی رێگەی کەرکووک - فەتحە تەواو بووە.
ئەم پرۆژەیە کە درێژییەکەی 27 کیلۆمەترە، لە ساڵی 2023ـەوە لە سەردەمی راکان جبووری، پارێزگاری پێشووتری کەرکووک، بە گوژمەی چوار ملیار و 700 ملیۆن دینار دراوەتە کۆمپانیاکە.
کۆمپانیای سامی نێودەوڵەتی دەڵێت: "ئێمە ناچار نین لە گیرفانی خۆمان پارە بۆ حکومەت خەرج بکەین. هیچ لایەنێک وەڵاممان ناداتەوە، بۆیە داوا لە پارێزگاری نوێی کەرکووک دەکەین کە دەڵێت دژی گەندەڵیم، بێت و بە چاوی خۆی ببینێت کێ کەمتەرخەمە." ئاماژەیان بەوەش کرد کە ئەوان تەنیا نین و چەندین بەڵێندەری دیکەش دوای تەواوکردنی کارەکانیان رێگەکانیان داخستووە.
نەوزاد ئەنوەر، سەرۆکی لقی کەرکووکی یەکێتیی بەڵێندەرانی عێراق، پشتیوانیی خۆی بۆ بەڵێندەران دەربڕی و بە رووداوی گوت: "بەڵێندەران مافی خۆیانە، چونکە هەموو پرۆژەکان لە گیرفانی خۆیان خەرج دەکرێن."
نەوزاد ئەنوەر ئاشکراشی کرد، کە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە (19ـی ئاب) بڕی 25 ملیار دینار گەیشتووەتە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ خەرجکردنی بەشێک لە شایستەی بەڵێندەران، بەڵام جەختیکردەوە کە ئەم بڕە پارەیە لە چاو ئەو قەرزە زۆرەی لای حکومەت ماوە، زۆر کەمە.
ساڵانێکی درێژە بەڵێندەرانی کەرکووک بەدەست دواکەوتنی شایستە داراییەکانیانەوە دەناڵێنن. بە گوتەی سەرۆکی لقی کەرکووکی یەکێتیی بەڵێندەرانی عێراق: "قەرزی بەڵێندەران لە عێراق گەیشتووەتە 50 بۆ 60 تریلیۆن دینار." تاوەکو ئێستا 270 ملیار دینار وەک پێشینە (سولفە) قەرزی بەڵێندەرانی کەرکووک لای پارێزگایە، بەڵام ئەگەر پرۆژەکان تەواو بکرێن، قەرزەکە دەگاتە زیاتر لە 600 ملیار دینار.
لە چەند ساڵی رابردوودا زۆربەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بە شێوازی "بانگهێشتی راستەوخۆ" دراونەتە کۆمپانیاکان، ئەمەش وایکردووە کێشەی نەبوونی بودجەی پێویست سەرهەڵبدات.
عێراق لە ساڵی 2023ـەوە بودجەیەکی سێ ساڵەی (2023، 2024، 2025) پەسند کردووە، کە تێیدا بڕێکی زۆر پارە بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکان تەرخانکراوە.
ئێستا زیاتر لە 400 پرۆژە لە کەرکووک بەهۆی نەدانی پارەی بەڵێندەرانەوە یان وەستاون یان بە نیوەچڵی ماونەتەوە، کە ئەمەش بووەتە بارگرانییەکی گەورە بۆ سەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان و جووڵەی بازرگانی لە ناوچەکەدا


