رووداو دیجیتاڵ
دەزگای روانگە، لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی نوێدا بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک، پاڵپشتیی دارایی چوار پڕۆژەی گەنجانی کرد. لە کۆی 100 بیرۆکەی پێشکێشکراو، 15 بیرۆکە گەیشتنە قۆناخی کۆتایی و لەلایەن لیژنەیەکەوە چوار براوە دەستنیشانکران.
زانا عومەر، بەڕێوەبەری پرۆژە لە دەزگای روانگە، رایگەیاند: "پرۆژەکە دوو ئامانجی سەرەکی هەیە؛ یەکەم، گەنجێک کە بیرۆکەیەکی هەیە ببێتە خاوەن بزنسی خۆی و داهاتێک بۆ خۆی و خانەوادەکەی پەیدا بکات. دووەم، بزنسەکەی ببێتە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک."
بۆ هەر یەکێک لە چوار بیرۆکە براوەکە، بڕی 5 ملیۆن و 300 هەزار دیناری عێراقی وەک پاڵپشتیی دارایی دابینکراوە.
گۆڤەند حاجی محەمەد، یەکێک لە براوەکانی پڕۆژەکە، ئاماژەی بەوەدا کە پڕۆژەکەی "کشتوکاڵییەکی دۆستی ژینگەیە" و گوتی، "ئێمە کار لەسەر پاشماوەی ئۆرگانی دەکەین، بۆ نموونە پاشماوەی سەوزەی عەلوە و چێشتخانەکان دەگۆڕین بۆ بەرهەمێکی کشتوکاڵی "
محەمەد خالید، یەکێکی دیکە لە براوەکان، گوتی: "من خۆراکی فڕێدراو نابینم، بەڵکو پەینێکی پاک دەبینم بۆ جووتیارە بەڕێزەکانمان. کاتێک سەلەیەک لە چێشتخانەکان پڕبێت لە خۆراکی ماوە، من پەینێکی پاکی دوور لە ماددەی کیمیایی دەبینم."
محەمەد مەحموود، براوەیەکی دیکەی پڕۆژەکەیە و دەڵێت، "ئێمە وەکو گەنجێک توانیمان پەرە بەخۆمان بدەین، ژینگە بپارێزین و سوودێکمان هەبێت بۆ کۆمەڵگە."



