رووداو دیجیتاڵ
لە 24 کاژێری رابردوودا لانیکەم چوار کەس لە ورمێ بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە. بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگاکە دەڵێ، شەش کەسی دیکەش بریندار بوون.
شەوی سێشەممە 18-08-2026، حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا لانیکەم سێ رووداوی هاتووچۆ لە سنووری پارێزگاکە روویانداوە کە شەش بریندار و چوار گیانلەدەستدانیان لێکەوتووەتەوە.
بەگوتەی حەمید مەحبوبی، یەکێک لە رووداوەکان دوێنێ شەو لە رێگەی پیرانشار-نەغەدە روویداوە و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پیژۆ 405 وەرگەڕاوە.
وەک بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری ورمێ دەڵێ، لە ئەنجامی رووداوەکەدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و سێی دیکەش بریندار بوون.
هاوکات لە رێگەی میاندواو-مهاباد، دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆری پیژۆ پارس پێکیاندادا. حەمید مەحبووبی گوتی، لە رووداوەکەدا کەسێک گیانی لەدەستدا و بریندارێکیش دوای دەرهێنانی گەیێندرایە نەخۆشخانە.
بەڕێوەبەری مانگی سووری ورمێ ئەوەشی خستەڕوو، لە رێگەی چاڵدێران-خۆی بارهەڵگرێکی بچووک و پیژۆ پارسێکیش پێکیانداداوە و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دادپزیشکیی ئێران، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە دەبنە قوربانی، بەجۆرێک پار 19 هەزار و 540 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستدابوو.


.png&w=3840&q=75)
