رووداو دیجیتاڵ
نێردەی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و باڵیۆزخانەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر پیرمامیان کرد و رایانگەیاند، ئەم جۆرە کارانە ئامانجیان تێکدانی ئەو هەوڵانەیە کە بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێ هەرێمییەکان دەدرێن.
رۆژی دووشەممە، 17ی ئابی 2026، نێردەی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین کە کرانە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ماڵی بەڕێوەبەری دەزگایەکی ئەمنیی هەرێمی کوردستان (ئاژانسی پاراستن) لە پیرمام؛ زۆر دڵخۆشین کە هێرشەکان زیانی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ئەم هێرشانە بە ئامانجی پەکخستنی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانن بۆ پاراستنی وڵات لە ململانێ نێودەوڵەتییەکان و دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە. یەکێتیی ئەورووپا جەختی کردەوە: "بە ئامانجگرتنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەرپرسان یان نێردە دیپلۆماسییەکان بە هیچ جۆرێک قبووڵکراو نییە."
نێردەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەو ئایندەیەکی ئارام و گەشەسەندوو، ئاماژەی بەوەش کرد کە "خستنەژێر کۆنتڕۆڵی هەموو چەکەکان بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، هاوکار دەبێت لە سەرخستنی ئەم هەوڵانەدا."
ئەم هەڵوێستەی یەکێتیی ئەورووپا دوای ئەوە دێت کە بەگوێرەی دژە تیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کە "لە سنووری ئێرانەوە" ئاراستە کرابوون، نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنیان لە پیرمام کردە ئامانج.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند: "دوای لێکۆڵینەوەیەکی دژەتیرۆری کوردستان، دەرکەوتووە ئەمڕۆ نووسینگەی تایبەتم و ماڵی سەرۆکی دەزگای ئاسایش و هەواڵگری بە هێرشی درۆنی ئێرانی کرانە ئامانج." سەرۆکوەزیران ئەمەی وەک "پەرەسەندنێکی مەترسیدار و هەڕەشەیەکی راستەوخۆ" بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان وەسفکرد.
لەلایەکی دیکەوە، هێرشەکە کاردانەوەی نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە. ستێفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی گوت: "بە روونی ئەمە پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە."
هەروەها کۆنسووڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە پەیامی جیاوازدا سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد.


