رووداو دیجیتاڵ
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەکات یاداشتێکی ناڕەزایەتی فەرمی لەسەر هێرشەکانی سەر هەولێر پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایش بکات و دۆسیەکە بباتە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان.
رۆژی دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێرشە درۆنییەکانی سەر پیرمام پێشێلکردنی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤن. گوتیشی: "داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین یاداشتێکی ناڕەزایەتی فەرمی ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات و داواش لە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ لە جنێڤ بکات تاوتوێی کاریگەریی ئەم هێرشانە بکەن."
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دا کە بەردەوامیی ئەم هێرشانە هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر ئاسایشی دانیشتووان، پڕۆسەی دیموکراسی و سەقامگیریی ئابووریی هەرێمی کوردستان، چونکە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر سێکتەرەکانی تەندروستی، پەروەردە و وەبەرهێنان هەیە.
دیندار زێباری دەڵێ، کە دەبێت رێکاری پێویست بۆ پاراستنی مەدەنییەکان و سەروەریی خاکی عێراق بگیرێتەبەر و رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە بکرێت، چونکە هەرێمی کوردستان هەمیشە پابەندی رێکارە دەستوورییەکان بووە و فاکتەری ئارامی بووە لە ناوچەکەدا.
ئەم داوایەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دوای ئەوە دێت، کە دژەتیرۆری کوردستان لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17ی ئابی 2026، لە کاتژمێر 00:28، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران، بەڵام هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە.



